Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

%80ی کارەکانی پڕۆژەی دووسایدی باعەدرێ.ئیتیت تەواو کرا

دھۆک-KDP. info-  لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەهێزکردن و گەشەپێدانی ژێرخانی ڕێگەوبان لە هەرێمی کوردستان، کارەکانی پڕۆژەی ستراتیجیی دروستکردنی ڕێگەی دووسایدی باعەدرێ-ئیتیت بەردەوامن و تاکوو ئێستا 80%ی کارەکانی پڕۆژەکە بەسەرکەوتوویی کۆتاییان پێ هاتووه‌.

ئەم پڕۆژە گرنگە کە درێژییەکەی 26 کیلۆمەترە، یەکێکە لە پڕۆژە گەورە و ستراتیجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بە تەواوبوونی، ته‌واوی ڕێگەی نێوان هەولێر و دهۆک دەبێتە دووساید، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسانکاریی گەورە لە هاتوچۆی هاووڵاتییان، کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و بووژاندنەوەی زیاتری کەرتی بازرگانی و ئابووری لە ناوچەکەدا.

ورده‌کاریی کارکردن و پێکهاتەی پڕۆژەکە بەم شێوەیەیە:
قۆناغەکانی جێبەجێکردن: پڕۆژەکە لە 3 قۆناغی سەرەکی پێک هاتووە؛ قۆناغی یەکەم 95%ی کارەکانی تەواو بووە، هەردوو قۆناغی دووەم و سێیەمیش لە قۆناغی کۆتاییدان.
نەخشەسازی و ڕێگەی خزمەتگوزاری: ڕێگە سەرەکییەکە لە دوو ساید پێک دێت کە پانیی هەر سایدێک نزیکەی 13 مەترە، لەگەڵ دروستکردنی 30 کیلۆمەتر ڕێگەی خزمەتگوزاری.
بەرزەپرد و ژێرپرد: پڕۆژەکە 11 بەرزەپرد و ژێرپرد لەخۆ دەگرێت بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆ لە بڕگە جیاوازەکاندا.
کاری ئەندازیاری و ژێرخان: لە پرۆسەی جێبەجێکردنیدا، 6 ملیۆن مەتر سێجا کاری بڕین کراوە، 6 کیلۆمەتر دیواری پاڵپشت، 45 هەزار تۆن شیش و 100 ئاوڕێژ بۆ کۆکردنەوە و بەڕێوەبردنی ئاوی باران دروست کراون.

بۆ ئەنجامدانی کارەکان بە بەرزترین ئاستی کوالێتی، پڕۆژەکە پشتی بە توانای ناوخۆیی بەستووە؛ زیاتر لە 2 هەزار کرێکار و ئەندازیاری ناوخۆیی لەگەڵ 1,500 ئامێری گەورە و 6 کارگەی کۆنکرێت، بە شەو و ڕۆژ لە کارکردنی بەردەوامدان، تاکوو لە کاتی دیاریکراودا تەواو بێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجیی لەم شێوەیە بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری


29 تەمووز 2026