Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەد خۆرشید بۆ KDP.info: پێکەوە لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجە داهاتوویەکی گەشتر دەستەبەر دەکەین

هەڵەبجە-KDP.info- د. محەمەد خۆرشید، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، بە ئامانجی بوون بە بەشێک لە ماڵی خەڵک و گەیاندنی زۆرترین خزمەتگوزاری و دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتیان، بە بەردەوامی بەشدارین لە خۆشی و ناخۆشییەکانی دانیشتووانی هەڵەبجە، هەورامان، شارەزوور، پێنجوێن، سەیدسادق، سورێن، زەڕاین، خورماڵ، سیروان و تەواوی دەڤەرەکە، چونکە ئامانجمان ئەوەیە پارتی هەمیشە لە ناو جەرگەی کۆمەڵگە و ماڵی خەڵکدا بێت."

د. محەمەد خۆرشید، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەسەر بەهێزیی پێگەی جەماوەریی پارتی لە پارێزگاکە کردەوە و گوتی، "دۆخی ڕێکخستنەکانمان لە پارێزگای هەڵەبجە لەوپەڕی باشیدایە. هەماهەنگییەکی تەواوەتی لە نێوان سەرجەم ناوچە، ڕێکخراو، بنکەکان و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان هەیە. کادیرانی ئێمە بە ڕۆحیەتێکی بەرزی کوردایەتی و پارتایەتییەوە کار دەکەن و پارتی لەم سنوورە خاوەن بنکەیەکی جەماوەریی پتەوە کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕەگ و ڕیشەی قووڵتر دەکات."

بەرپرسی لقی ١٢ گوتیشی، "ساتێکیش لە خەڵکی خۆمان دانەبڕاوین، بەردەوام سەردانی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین کە تاجەگوڵینەی سەروەریی مێژووی ئێمەن و خزمەتکردنیان ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەییە. لە نزیکەوە بەشداری لە خۆشی و ناخۆشییەکانی خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە، هەورامان، شارەزوور، پێنجوێن، سەیدسادق، سورێن، زەڕاین، خورماڵ، سیروان و تەواوی دەڤەرەکە دەکەین، چونکە ئامانجمان ئەوەیە پارتی هەمیشە لە ناو جەرگەی کۆمەڵگە و ماڵی خەڵکدا بێت."

د. محەمەد خۆرشید هۆکاری مانەوە و بەهێزیی پارتی شی کردەوە و گوتی، "مێژووی ٨٠ ساڵەی پارتی و نوێبوونەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ناوچەکەدا، ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە پارتیمان لە ناو خەڵکەوە دروست بووە و هەرگیز لێیان دانەبڕاوە. لەسەر ڕاسپاردە و ئامۆژگارییە بەردەوامەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی، دەرگای لقی ١٢ و تەواوی ئۆرگانەکانمان هەمیشە کراوەیە بە ڕووی سەرجەم هاووڵاتیاندا بەبێ جیاوازی، تا گوێ لە کێشەکانیان بگرین و ببینە پردێکی ڕاستەقینە بۆ گەیاندنی دەنگیان و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان."

سەبارەت بە هەماهەنگیی حزب لەگەڵ حکوومەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی سنوورەکە، ئاماژەی بەوە کرد، "هەماهەنگییەکی زۆر باشمان لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتدا هەیە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ویست و ئیرادەیەکی تەواوی هەبووە بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجە، ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی جێبەجێ کراون لەگەڵ هەنگاوەکان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان شاهێدی ئەو ڕاستییەن. ئێمەش لێبڕاوانە پاڵپشتی دامەزراوەکانی حکوومەتین بۆ نەهێشتنی ئاستەنگە ئیدارییەکان و گەیاندنی زۆرترین خزمەتگوزاری و ئاوەدانی."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسی لقی ١٢ی هەڵەبجە گوتی، "سوورین لەسەر بەردەوامبوون لە خزمەتکردنی هەڵەبجەی شەهید، چونکە هەڵەبجە ڕەمزی شەهیدان، قوربانیدان و قارەمانێتیی نەتەوەکەمانە و پارتی خۆی بە خاوەنی خەمەکانی دەزانێت. هەڵەبجە بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژوو، ئێستا و ئایندەی پارتیمان، خەڵکی دڵسۆزی ناوچەکەش چاک دەزانن کە هەڵەبجە پشتیوانی پارتییە و پارتیش قەڵغان و پشتیوانی ڕاستەقینەی هەڵەبجەیە، پێکەوە کار دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ شارەکە و دانیشتووانە سەربەرزەکەی."

 

عەزیز ڕەسووڵ