Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ژێر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت دهۆک بە چەندین پڕۆژەی سەوزایی سیمایەکی نوێ وەردەگرێت

ھەولێر-KDP.info-​ لە ژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە و فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی، سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک کار لەسەر جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی دەکات، لەو چوارچێوەیەدا گەورەترین پارک لەسەر ئاستی پارێزگاکە و ١٠ پارکی دیکە لەنێو گەڕەکەکاندا لە جێبەجێکردندان.

شێروان حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانیی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "شارەوانیی دهۆک دەستی بە جێبەجێکردنی گەورەترین پڕۆژەی سەوزایی بە ناوی (پارکی ئالۆکا) کردووە، کە لەسەر ڕووبەری ملیۆنێک و ٥٧٥ هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت. هاوکات لەگەڵ ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، ١٠ پارکی نوێ لەنێو گەڕەکە جیاوازەکاندا دروست دەکرێن، جگە لە بەردەوامیی سەوزکردنی ناوەڕاست و دەوروبەری شەقامە گشتییەکان."

دڵنیاییشی دا کە بە پشتیوانیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سیمای شارەکە سەوزتر دەبێت و گوتی، "بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە، ڕێژەی سەوزایی لە شاری دهۆک بۆ ١٨٪ بەرز دەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو ڕێژەکە تەنیا ١٣٪ بوو."

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانیی دهۆک ئاماژەی بە ژێرخانی سەوزایی سنوورەکەش کرد و گوتی، "ئێستا لە سنووری شارەوانیی دهۆک ١٢ پارکی گەورەی گشتی و زیاتر لە ١٤٨ پارکی بچووک لە ناو گەڕەکەکاندا هەن، لەگەڵ ڕووبەرێکی زۆری سەوزایی سەر شەقامەکان. هەموو تەواوکارییەکانیش بەشێکن لە پلانی بەردەوامی شارەوانی بۆ باشترکردنی ژینگە، ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و جوانکردنی سیمای شاری دهۆک."

 

ئەژین غەفار