Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. چیمەن بۆ KDP.info: بەهێزکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕێگری لە گەشەی تیرۆر دەکات

ھەولێر-KDP.info-​ ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیەنێت کە پڕۆسەی ڕێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەردەوامە و هەنگاوی گرنگی بڕیوە. ئاشکراشی دەکات کە لە بەغدا کار بۆ یەکسانکردنی مافەکانی خانەنشینانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لەگەڵ عێراق دەکرێت.

د. چیمەن بارزانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، پڕۆسەیەکی ستراتیژی و نیشتمانییە و بە ئیرادەیەکی بەهێز لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەوە بەردەوامە."

ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری گوتیشی، "پڕۆسەکە لە ژێر چاودێری و پشتیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێم و هێزەکانی هاوپەیمانان، هەنگاوی باش و گرنگی لەسەر ئاستی ڕێکخستنی هێزەکان، پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکان، و بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی کارگێڕی و دارایی بڕیوە. ڕاستە گرفت هەیە، بەڵام ئیرادەیەکی جدی هەیە بۆ ئەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە ببنە یەک هێزی تۆکمە، کە ئەمەش خواستی ئێمە و تەواوی خەڵکی کوردستانە."

پەیوەست بە هەوڵەکانیان لە بەغدا بۆ گەرەنتیکردنی مافە دەستووریەکانی هێزی پێشمەرگە، د. چیمەن بارزانی ڕایگەیاند، "بەردەوام کار دەکەین لەسەر چەسپاندن و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە دارایی و لۆجیستییەکانی هێزی پێشمەرگە، وەکو بەشێکی سەرەکی لە سیستەمی بەرگری و ئاسایشی عێراق. لە ناو یاسای بودجە و بەدواداچوونە داراییەکاندا بەردەوام کارمان کردووە تاوەکو مووچە، بودجەی پڕچەککردن و مەشقپێکردنی پێشمەرگە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بە تەواوی دابین بکرێت."

د. چیمەن ئاماژەی بەوەش کرد کە کاریان کردووە لەسەر بەهێزکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تاوەکو بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە نەمێنێت کە مەترسیی چالاکیی تیرۆریستانیان لەسەرە، و لە ڕێگەی هەماهەنگیی بەهێزی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی تیرۆر ببنەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، د. چیمەن گوتی، "هەر لەم هەفتەیەدا بە نووسراوی فەرمی داواکارییەکانی خانەنشینی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگەم بەرزکردووەتەوە بۆ سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافەکانیان و یەکسانکردنی شایستەکانیان لەگەڵ خانەنشینانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراقی فیدراڵ."

 

قائید میرۆ