Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سبەی ڕێوڕەسمێکی شایستە بەبۆنەی ٤٣ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکان بەڕێوەدەچێت

ھەولێر-KDP.info-​ بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٤٣ ساڵ بەسەر تاوانی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران ڕایدەگەیەنێت کە ڕێوڕەسمێکی شایستە بۆ بەرزڕاگرتنی یادەکە بەڕێوەدەچێت. بەرپرسانی ناوچەکەش جەخت دەکەنەوە کە ئەم تاوانە یەکێکە لە دڕندانەترین تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دژی گەلی کورد و تا ئێستاش حکوومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی نەکردووەتەوە.

کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "سبەی پێنجشەممە، لە هۆڵی بۆنەکانی شاری سۆران، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حکوومی و کەسوکاری سەربەرزی جینۆسایدکراوان، ڕێوڕەسمێکی شایستە بەبۆنەی ٤٣ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکان بەڕێوەدەچێت."

کەریم کاوە دەشڵێت، "ساڵانە بەم بۆنەیەوە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن، ئامانجی سەرەکیش لە زیندووڕاگرتنی ئەم یادە دڵتەزێنانە، پیشاندانی ئاستی دڕندەیی و بێبەزەییی ڕژێمی پێشووی عێراقە بە خەڵکی کوردستان و ڕای گشتیی جیهان."

بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدانی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، "جینۆسایدکردنی هەشت هەزار هاووڵاتیی سڤیلی بارزانی، یەکێکە لە تاوانە هەرە گەورە و دڕندەکانی ڕژێمی بەعس دژ بە میللەتی کورد. قوربانییان جگە لە کوردبوون، هیچ تاوانێکی دیکەیان نەبوو، بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکانیش، بارزانییەکان بە شێوازێکی زۆر نامرۆڤانە شەهید کراون."

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، کەریم کاوە گوتی، "سەرەڕای ئەنجامدانی ئەم تاوانە قێزەونە، تاوەکو ئەمڕۆش حکوومەتی عێراق نە داوای لێبوردنی لە گەلی کوردستان کردووە و نە کەسوکاری جینۆسایدکراوانی بارزانی و ناوچەکانی دیکەشی قەرەبوو کردووەتەوە. لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرپرسە لەم پرسە، چونکە ئەو تاوانانەی لە ڕابردوودا بەرامبەر گەلی کورد کراون، دەچنە خانەی تاوانی گەورەی دژی مرۆڤایەتی."

جێی وەبیرهێنانەوەیە، لە ٣١ی تەممووزی ١٩٨٣، ڕژێمی ئەوکاتی عێراق لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ڕەگەزپەرستانەدا، لە کۆمەڵگە زۆرەملێکانی (بەحرکە، قوشتەپە، هەریر و دیانە)، هەشت هەزار پیاو و کوڕی بارزانی دەستگیر کرد و دواتر لە بیابانە بێئاوەکانی باشووری عێراق زیندەبەچاڵ کران.

 

قائید میرۆ