Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری ناوخۆ: پلەبەرزکردنەوەی کارمەندانی ناوخۆ ڕانەگیراوە و ھی ئەفسەرەکانیش جێبەجێ دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەرێمی کوردستان لە گرژییەکانی ناوچەکە بێلایەنە و ڕێگەی نەداوە خاکەکەی بۆ مەبەستی ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربھێنرێت، ئاماژە بەوەش دەکات کە فەڕەنسا ھاوکارێکی گرنگی ھەرێم بووە و ھیچ کات ھەڵوێستەکانیان لەبیر ناکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ـی تەمموزی ٢٠٢٦، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، فەڕەنسا ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری ھەیە، بەتایبەتی لە ھەرێمی کوردستان و لە زۆر ڕووداودا ھاوکار و پاڵپشتی ئێمە بووە، بەتایبەت لە شەڕی دژ بە داعش و تاوەکو ئێستاش، سوپاسی ھەڵوێستەکانیان دەکەین.

سەبارەت بە ھێرشە درۆنییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ گوتی، "لە سەرەتای ئەم گرژیانەی لە ناوچەکە ڕوویاندا، جەختمان کردەوە کە ھەرێمی کوردستان بێلایەنە و ڕێگەمان نەداوە لە خاکی ئێمەوە کێشە بۆ ھیچ وڵاتێکی دراوسێ دروستببێت، بەڵام بەداخەوە لە ھەموو لایەکەوە ھێرش کراوەتە سەر ھەرێم و بە ئامانج گیراوە، بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتی و پێشمەرگە و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان شەھید بوون و زیانی ماددی زۆریش بەر ماڵ و حاڵی خەڵک کەوتووە."

رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا، کە ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێم جێگیرە و نابێتە بەشێک لەو گرژییانە، دەربارەی ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا، گوتی، "لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ھەر ھێرشێک لە ناوخۆی عێراقەوە بکرێتە سەر ھەرێم، لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق زۆر باشە، داوای ھاوکاریمان کردووە، بەڵام تا ئێستا ڕێکارێکی کردەیی نەگیراوەتەبەر."

وەزیری ناوخۆ ھۆشداریشی دا لە کردەوەی گرووپە چەکدارەکان و ڕایگەیاند، "ئەو کردەوانەی گرووپە لەیاسا دەرچووەکان دەیکەن، ئیحراجییە بۆ ھەموو عێراق، تەنانەت بۆ ئابووری و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی وڵاتەکەش، پێویستە چەک تەنیا لە دەستی حکوومەتدا بێت و تەواوی ھێزەکان چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەنەوە."

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، رێبەر ئەحمەد گوتی، "پلەبەرزکردنەوەی کارمەندان ڕانەگیراوە و تەنیا ھی ئەفسەرەکان مابوو، ئەویش بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چووە بواری جێبەجێکردنەوە."