هەولێر-KDP.info- پڕۆسەی تەرخانکردنی زەوی فەرمانبەران، لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، بە حەوت قۆناغ پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.لەبارەی قۆناغی داهاتووی پڕۆسەکە، سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند "تیمەکان سەرقاڵی ئامادەکارین و لە ئایندەیەکی نزیک گەڕی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەست پێدەکات."
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت "تا ئێستا ٤٢ هەزار پارچە زەوی، لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە.
لە ئایندەیەکی نزیکدا، دەست دەکەین بە قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران."
سەرۆکی شارەوانی هەولێر زیاتر ڕوونی کردەوە "بەشێوەیەکی گشتی ٨٢ هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەۆکایەتی شارەوانی هەولێر ناویان تۆمار کراوە بۆ سوودمەندبوون لەو بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم. ٤٢ هەزار فەرمانبەر زەویان وەرگرتووە و ٤٠ هەزار فەرمانبەریش ماون کە سوودمەند دەبن لە پڕۆسەکە."
پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی کە ساڵانێک بوو وەستابوو، بە بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، مەسروور بارزانی دەستی پێکردەوە، ئامانج لەو بڕیارەش دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و کەمکردنەوەی باری سەرشانی هاووڵاتییانی کوردستانە.
ئەژین غەفار