Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەین

کەرکووک-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بڕیاری خۆی بۆ گەڕانەوە و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە ڕاگەیاند، هۆکاری ئەم هەنگاوەشی بۆ داواکاریی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان گەڕاندەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گەڕانەوەیانی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە راگەیاند. 

شۆخان حەسیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند، عێراق لە قۆناخێکی وەرچەرخانی گرنگدایە لە ڕووی چاودێریی گشتی و ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم واقیعە نوێیە و هەنگاوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە نێو دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

فراکسیۆنی دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم بڕیارە خستەڕوو. یەکەمیان پەیوەندیی بە وەڵامدانەوەی داواکاریی بەردەوامی خەڵک و دڵسۆزانی پارتییەوە هەیە بۆ هەبوونی نوێنەرایەتییان لە نێو ئەنجوومەنەکەدا. هۆکاری دووەمیش بریتییە لە هاودەنگی و بەرپرسیارێتیی سیاسی، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی نێو ئەنجوومەن بە فەرمی داوایان لە سەرکردایەتیی پارتی کرد پێکەوە لەم قۆناخە هەستیارەدا کار بکەن.

شۆخان حەسیب باسی لەوەش کرد، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و هەمەلایەنە، سەرکردایەتیی پارتی بڕیاری کۆتایی دا بە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان. جەختیشی کردەوە، بەردەوام دەبن لە گێڕانی ڕۆڵێکی چاودێریی توندوتۆڵ بۆ پاراستنی مافەکان، ڕێگریکردن لە گەندەڵی و خزمەتکردنی تەواوی پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی.