ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ دووشەممە 7/27، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین و سووتەمەنی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، چارەسەری ئەم بابەتە بکەن بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانە دران:
یەکەم؛ نرخی بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکوومەتەوە، بە هەمان نرخی ئێستا بەردەوام دەبێت و لەسەر ئەو بەنزینخانانە دابەش بکرێت کە پابەندن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخ و جۆریی بەنزین.
دووەم ؛ پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری (سوپەر و محەسەن) بکرێت كه گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی هەرێم و ڕێگریش بکرێت له قازانجى ناڕەوا.هەروەها ئاسانکاریش بکرێت بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بەکار دەهێنرێن.
سێیەم ؛ داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین کە ڕێژەی پێویستی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا 50 هەزار بەرمیلە ، زیاد بکات بۆ 126.7 هەزار بەرمیل بە پێی ڕێژەی %12.67ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە دیاریکراوە.
چوارەم: ڕێگریی لە قۆرخکاریی لە بواری سووتەمەنی و بە تایبەتی بەنزین بکرێت.
