Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. هێمن هەورامی لە لقی ٢٠ی شێخان جەختی لە بەرەوپێشچوونی کارەکانی ڕێکخستن کردەوە

شێخان-KDP.info- لە چوارچێوەی سەردانە مەیدانییەکان و جێبەجێکردنی پلانەکانی بەشی ڕێکخستن، د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی بەشی ڕێکخستن، سەردانی لقی ٢٠ی شێخانی کرد و لەگەڵ ئۆرگانەکان و کادیرانی ناوچەکە کۆبووەوە.

لە چوارچێوەی کار و ئەرک و پلانەکانی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، د. هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستن، بە یاوەریی یاریدەدەر و ئەندامانی بەش و یاریدەدەر و بەرپرسی ڕێکخستنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک، سەردانی قەزای شێخانی کرد و لەگەڵ هەڤاڵانی لقی ٢٠ کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا کە بەرپرس و کارگێڕانی لق، بەرپرس و کارگێڕانی ڕێکخستنی ناوچەکان و بەرپرس و کارگێڕانی ڕێکخراوەکان ئامادەی بوون، د. هێمن هەورامی دوایین هەڵسەنگاندنی کاروباری ڕێکخستنی ئۆرگانەکان و ئاستی بەرەوپێشچوونی کارەکانی لە سنووری لقی ٢٠ لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە خستە ڕوو.

بەرپرسی بەشی ڕێکخستن هێمای بۆ ئەوە کرد کە بەردەوامی لە بەرزبوونەوەی دەنگەکانی پارتی لە سنوورەکە بەڵگەی ڕوونە لەسەر هەوڵ و کۆششی بەردەوامتان و گوتی، "زیادبوونی دەنگەکانی پارتیمان لە هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن لەم سنوورە، گەواهیدەری تۆکمەییی کاری ئۆرگانەکان، شەونخوونیی کادیران و دڵسۆزیی بێپایانی ئەندامان و جەماوەر و دەنگدەرانی پارتییە."

لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، د. هێمن هەورامی دواپێشهاتە سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستان و ناوچەکەی شرۆڤە کرد و دوا هەڵوێست، سیاسەت و دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، دەرگا بۆ هەڤاڵانی ئامادەبوو کرایەوە و بە خستنەڕووی سەرنج، بیروڕا و پێشنیازەکانیان کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد، هاوکات لەلایەن بەرپرسی بەشی ڕێکخستنەوە وەڵامی پێویست و پرسیاری هەڤاڵان درایەوە.