Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن لە خولی ڕۆشنبیری لقی چوار جەختی لە بەرەوپێشبردنی توانای کادیران کردەوە

سلێمانی-KDP.info- بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەراسیمی بەخشینی بڕوانامە بەسەر دەرچووانی خولەکانی گرووپی ڕۆشنبیریی لقی چوار بەڕێوە چوو. لە مەراسیمەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی پەروەردە و ڕۆشنبیرکردنی کادیران کرایەوە.

لە هۆڵی بۆنەکانی لقی چوار لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، بە یاوەری فازڵ ڕەئوف، و بە ئامادەبوونی ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چوار و کارگێڕانی لق و بەرپرسانی لیژنە ناوچەکان، مەراسیمی دابەشکردنی بڕوانامەی خولی یەکەم و دووەمی گرووپی ڕۆشنبیریی لقی چوار بەڕێوە چوو.

لە وتەیەکدا، عەلی حوسێن پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولەکە کرد و دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کرد. ناوبراو هێمای بۆ ئەوە کرد کە پێگەیاندن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی کادیران پێویستییەکی ڕۆژانەیە و گوتی، "کردنەوە و بەردەوامیی ئەم جۆرە خولانە و خوێندنی بەردەوام، بایەخ و گرنگییەکی زۆری بۆ ڕۆشنبیرکردن و شارەزابوونی زیاتری کادیرانی حیزبەکەمان هەیە تا بتوانن هاوشانی گۆڕانکارییەکان بن."

لە بەشێکی دیکەی قسەكانیدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین بە چڕی تیشکی خستە سەر دواپێشهاتە سیاسییەکانی سەر ئاستی کوردستان، عێراق و ناوچەکە. ناوبراو ئاماژەی بە ڕەوشی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە کرد.

سەبارەت بە پرسی ناوخۆیی و پێکهێنانی حکوومەتیش، عەلی حوسێن هۆکارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی شیکردەوە و جەختی لە پێگەی ستراتیژی و بەهێزی پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە لە دیدی وڵاتانی زلهێز و هەرێمی، بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.