هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی چەند پرسێكی گرنگی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان كرد و ئەمەش دەقی قسەكانی سەرۆك وەزیرانە:
رۆژتان باش
پێم خۆش بوو ئەمڕۆ لەگەڵتان باسی چەند خاڵێك بكەین كە گرنگن بۆ ئەمڕۆی كوردستان و بە تایبەتی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.
بەشێكی كێشەكان لە هەموو ناوچەكەیە، هەروەك خۆشتان دەزانن، گرژی و شەڕ و پێكدادان لەم ناوچەیە تاكوو ئێستا بەرەو كۆتایی نەچووە، ئەمە قەلەق و دڵەڕاوكێی لە هەموو ناوچەكە دروست كردووە و كێشە و ئاسەوارەكانیشی هەموو ناوچەكانی گرتووەتەوە. بێگومان ئێمەش بێبەش نین لەم مەوزووعە، بەڵام هەڵوێستی هەرێمی كوردستان زۆر دیار و ڕوونە، ئێمە لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی هەموو كێشەكانین، لەگەڵ ئەوە نین شەڕ و توندوتیژی لە ناوچەكەدا بەردەوام بێ. بێگومان هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لە هیچ شەڕێك و لە هیچ توندوتیژییەك و دەمانەوێ كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتییانە لە ناوچەكە چارەسەر بكرێن.
دەزانین ئەمە كاریگەریشی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان كردووە، بۆیە من دەمەوێ هەر لێرەوە سوپاسی خۆڕاگری و هەڵوێستی خەڵكی كوردستان بكەم كە هەمیشە تێدەگەن لە بارودۆخەكە و پشتیوانی بەردەوامی حكوومەتی هەرێمیش بوون، دڵفراوان بوون و دەزانن حكوومەتی هەرێم حكوومەتی خۆیانە و هەرچی پێمان بكرێ بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان درێغیی ناكەین.
لەو كێشە و قەیرانانەی كە ئێستا لە ناوچەكەشدا هەن، ئێمە نوێنەری راستەقینەی خەڵكین و زیاتر لە هەموو كەسێك زیاتر پەرۆشی ژیانی ئەو خەڵكەین. من سوپاسی خەڵكەكە دەكەم و دەزانم كە ژیانێكی تۆزێك دژوارتر و ناخۆشتر ئێستا هەیە. هەم نرخەكان بەرز بوونەتەوە، چەندین كێشە و قەیران ناوچەكەی گرتووەتەوە كە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە بەو قەیرانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام خەڵكی ئێمە دەبێ دڵنیا بێ كە ئێمە قەیرانی زۆر گەورەتریشمان تێپەڕاندووە و ئەمەش تێدەپەڕێت. من زۆر زۆر دڵنیام ئاییندەیەكی ڕووناكتر و خۆشتر چاوەڕێی خەڵكی ئێمە دەكات. بۆیە من حەز دەكەم خەڵكی ئێمە بە هیچ جۆرێك تووشی دڵەڕاوكێ نەبن، قەلەق نەبن، ئەم دۆخەش ئیشەڵا بەرەو چارەسەر دەڕوات.
لە پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی بەغدا. من دەمەوێ جارێكی تر دووپاتی بكەمەوە كە ئێمە پشتیوانی حكوومەتی ئێستای بەغداین بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران بەڕێز عەلی زەیدی دەكەین و بەشدارییەكی كارای ئەو حكوومەتەمان كردووە و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنی سیاسەتی ریفۆرم و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بۆ باشتركردنی دۆخی ئابووری لە عێراق كە بەداخەوە دیسان عێراقیش وەكوو هەموو وڵاتانی تری ناوچەكە بە قەیرانێكی ئابووریی توند و گەورەدا تێدەپەڕێت لەبەر بەستنی گەرووی هورمز كە زۆربەی هەناردەكردنی نەوتی ناوچەكە و نەوتی عێراقیش زیاتر بەو ناوچەیەدا دەڕوا، ئەمە قەیرانێكی ئابووری لەو ناوچەیەدا دروست كردووە، بەڵام بە هەموو جۆرێك ئێمە ئامادەین یارمەتیی حكوومەتی فیدرالی بدەین، یارمەتیی بەڕێز عەلی زەیدی بدەین بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشێكی كاریگەری چارەسەری ئەو قەیرانانە بێت كە هەیە. دیسانیش دووپاتی دەكەمەوە كە ئێمە پشتیوانی بەڕێزیان دەبین و هیوادارین ئەو كێشانەی تاكوو ئێستاش ماون و چارەسەر نەكراون، ئەوانەش بەرەو چارەسەر بڕۆن.
هەوڵی جددیمان هەیە لە چارەسەركردنی بابەتی بازرگانی و كێشەی ئەسیكۆدا كە تاكوو ئێستا هێشتا ماوە، بەڵام چارەسەرەكان خەریكن بەرەو ئەنجام دەگەن ئینشائەڵا، ئەمە یارمەتیی زۆری بازرگانی لە هەرێمی كوردستان دەدات و یارمەتیی زیادكردنی داهات لە هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق دەدات، هیوادارین ئەمەش لە ماوەیەكی زوو ئینشائەڵا بەرەو چارەسەری كۆتایی بڕوات.
بابەتی مووچەكانیش، هەروەك خۆتان دەزانن ئێمە بەردەوام بووین لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی بۆ دابینكردنی مووچەكان لە كاتی خۆی، هەرچەندە لەسەر بڕیارێكی پێشووتر ١٢٠ ملیار دینار لەسەر هەرێمی كوردستان فەرز كراوە كە دەبێ حكوومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیە دابین بكات. كاتێك كە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەشی ئەوە بكات، ئێمە هەمیشە پابەندی ئەوە بووین كە ئیلتزاماتی خۆمان جێبەجێ بكەین، بەڵام لە كاتێكدا كە بازرگانی نەمێنێت یان كە داهات لە هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق كەم بكات، ئەوا بێگومان ئەمە كاریگەریی لەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان دەكا و ئەو پابەندییەش وایكردووە كە حكوومەتی فیدرالی پێویستە پێداچوونەوەیەك بەو بڕیارەی پێشووتر بكات بۆ ئەوەی هەردوو لامان بتوانین یارمەتیی یەكتر بدەین.
چارەسەری ئێمە ئەمەیە كە داهاتەكان زیاتر بكرێن بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم بتوانێت نەك تەنیا ١٢٠ ملیار، بەڵكوو زیاتریش یارمەتیی حكوومەتی فیدرالی بدات، بەڵام ئەمە هاوكاریی دوولایەنەی پێویستە، دەبێ ڕێگەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان زیاد بكرێ، دەبێ داهات لە هەرێمی كوردستان زیاتر بكرێ، بۆ ئەوەی ئێمەش زیاتر بتوانین یارمەتیی حكوومەتی فیدرالی بدەین.
لە هەموو بوارەكانی تر ئێمە خەریكین هاوئاهەنگییەكی زیاترمان ئێستا لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی هەیە، لە ڕووی ئەمنی و لە ڕووی سیاسییەوە ئێستا كێشەكان لە خوا بەزیاد بێ بەرەو نەمان دەڕۆن و هیوادارین ئەو پەیوەندییە زیاتر بۆ داهاتووش هەنگاوی باشتر بهاوێژین و زیاتر بتوانین یارمەتیی یەكتر بدەین. ئێمە ڕازین لەو پەیوەندییەی كە هەیە و خۆشحاڵین بەوەی كە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی ئێستا لە ئاستێكی زۆر باش دایە.
لەسەر دۆخی ناوخۆ، خۆتان دەزانن ئەمە نزیكەی ٢٠ مانگە ئێمە هەڵبژاردنمان كردووە، بەڵام تا ئێستا بەداخەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك نەهاتووە. حكوومەت حكوومەتی خەڵكە و پەرلەمانیش پەرلەمانی خەڵكە، پێمانوایە كارا كردنەوەی پەرلەمان و دروستكردنی حكوومەت پێش هەموو كەسێك لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە، بەڵام بەرپرسیارێتییە گەورەكە دەكەوێتە سەر ئەو لایەنە سیاسییانەی كە وەك نوێنەری خەڵك، دەنگی خەڵكیان هەیە، بۆیەش من جارێكی تر داوا دەكەم و هەر لە ڕۆژی یەكەمیشەوە لەگەڵ ئەوە بووم كە پەرلەمان زوو دەست بە كارەكانی خۆی بكات و حكوومەتێك پێك بێت كە هەست و خواستی خەڵكی كوردستان تێیدا بەرجەستە بكرێت. ئێستاش دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە پەرلەمان كارا بكرێتەوە و حكوومەتیش پێك بێت، ئەم حكوومەتە لە بەرژەوەندیی خەڵك دەبێت. خەڵك چاوەڕێی ئەوە دەكات كە حكوومەت حكوومەتێكی خزمەتگوزاریی سەرتاسەری بێ، لە هەموو كوردستان بەبێ فەرق و جیاوازی بتوانێ ئیشوكاری خۆی بكات. بۆیە من داوا لە هەموو لایەنە سیاسییە بەرپرسەكان دەكەم كە خۆیان بە بەرپرس و خەمخۆری خەڵكی كوردستان دەزانن، بێنە پێشەوە و ئێمە بە یەكەوە بتوانین هەم پەرلەمان كارا بكەینەوە، هەم حكوومەتێكیش پێك بهێنین كە لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستاندا بێت.
لەم ماوەیە خۆشتان دەزانن هەندێك قەیران هەن كە پێویستە باسی بكەم، یەكێك لەوانە بابەتی كارەبایە كە ئێمە پێشتریش بەڵێنی ئەوەمان بە خەڵكی كوردستان دابوو و بەردەوامین لەسەر ئەو بەڵێنە كە كارەبای ٢٤ كاتژمێری بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دابین بكەین. پرۆژەكە بە شێوەیەكی باش بەڕێوە چووە و بەڕێوە دەچێت. لێرە كێشەیەك هەیە لەسەر دابینكردنی غاز كە سەرچاوەی سەرەكیی دابینكردنی كارەبایە بۆ هەموو كوردستان. رێژەی گازی ئێمە زیاتر بەهۆی كۆمپانیای دانا غازەوە لە كۆرمۆرەوە دابین دەكرێت كە لەم ماوەیە بەهۆی هەندێك مەترسیی ئەمنی، كۆمپانیا یەكلایەنە بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی دەركرد كە ئەمە ڕێژەیەكی یەكجار زۆری لە غاز لە هەرێمی كوردستان كەم كرایەوە كە ئەمە بێگومان كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا دروست كردووە. واتە پرۆژەكە خۆی عەیبی نییە، تەنیا دابینكردنی كارەبا بەهۆی غازەوە كێشەیەكی تێكەوتووە، هەرچەندە ئێمە هەوڵێكی جددیمان لەگەڵ كۆمپانیای دانا غاز داوە و لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی تر كە غازمان بۆ دابین دەكەن بەڵام بە ڕێژەیەكی كەمتر، من هیوادارم ئەم قەیرانەش بەرەو چارەسەربوون بڕوات، ئینشائەڵا چاوەڕێ دەكەین لەم ڕۆژانەی داهاتوو ئەمەش بەرەو چارەسەری بڕوات، هەم بەرهەمهێنانی گازمان زیاتر ببێ كە ئەمە وا دەكات كارەبا زیاتر ببێ و كۆندێنسەیتیش زیاتر دەبێت كە ئەمەش كاریگەریی دەبێتەوە لەسەر بەرهەمهێنانی بەنزین و سووتەمەنییەكان بۆ خەڵكی كوردستان. بۆیە لەسەر ئەوەش من دەمەوێ دڵنیاتان بكەمەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لەوەی كە پارێزگاریی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكا. لەگەڵ كۆمپانیاكانیش قسە دەكەین، دەزانین هەموو كۆمپانیا و بازرگان و خاوەن كارێك خاوەن مافن، بەڵام خەڵكی كوردستانیش خاوەن مافە، ئێمە نامانەوێ مافی هیچ كەسێك بخورێ، بەڵام هیچ كەسێكیش نابێ لەسەر حیسابی مافی كەسێكی تر، نا مەسئولانە و نا بەرپرسانە ڕەفتار بكات. ئێمە وەكوو حكوومەت پارێزەری مافی هەموو خەڵكی كوردستانین، من دەمەوێ لەوە خەڵك دڵنیا بێ، ئێمە زیاتر لە هەموو كەسێك بەرگریی لە مافی خەڵكی كوردستان دەكەین.
بۆ بابەتی بەنزین و سووتەمەنیش هەروەك بیستتان لەم ماوەیە نرخی بەنزین زیاد كرا، سووتەمەنی زیاد بوو، ئەمە بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕ و گرژییەی كە لە ناوچەكەدا هەیە كە نرخی نەوتی جیهانی بەرز بووەوە، بێگومان ئەمە كاریگەریی لەسەر نرخی نەوت لە ناوخۆش دەكات. تێچووی دەرهێنان وەكوو خۆی ماوەتەوە، تێچوون كەم نابێت، دڵنیا بن لەم قەیرانەی كە ناوچەكەی گرتووەتەوە، بەشێكی زۆری كاریگەریی لەسەر هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش كردووە. نرخی سووتەمەنی كە زیاد دەكرێ، هاووڵاتیان داوای كەمكردنەوەی نرخەكان دەكەن. ئێمە هەوڵمان داوە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كار بكەین، ئەمڕۆش كۆبوونەوەیەكی تێر و تەسەلمان هەبوو بۆ ئەوەی بزانین كە باشترین نرخ بۆ هاووڵاتیان چەندە كە واقیعی بێ لەگەڵ دەرهێنانی نەوت و تێچوونی نەوت كە هەیە.
لێرە قسەی زۆر دەكرێ، خەڵكێكی زۆر قسە دەكات بەبێ ئەوەی كە داتاكانی لا بێت، من حەز دەكەم زۆر بە ڕوونی هەندێك خاڵ بخەمە ڕوو بۆ ئەوەی بۆ خەڵكی كوردستانیش دیار بێت.
لە هەرێمی كوردستان تێچووی دەرهێنانی نەوت لەسەر كۆمپانیاكانە، حكوومەتی فیدرالی بە ملیارەها دۆلار لە خەرجییە سیادییەكان بۆ تێچووی نەوت تەرخان دەكات، بەڵام بەداخەوە هەرێمی كوردستان سوودمەند نییە لە هیچ یەكێك لەو تێچووەی كە حكوومەتی فیدرالی لە خەرجیی سیادی دابینی دەكات، كەواتە تێچووەكان هەمووی دەخرێتەوە سەر شانی حكوومەتی هەرێم كە ئەویش ناچارە و پابەندە بەپێی كۆنتراكتەكان ئەو تێچووە لەگەڵ كۆمپانیاكان كە ئەوان دەریدێنن، پابەند بێ بە دابینكردنی. بۆیە نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان ئەوە نییە كە بڵێی زیاتر بێ لە عێراق، بەڵام عێراق حیسابی ناكات، بە عەكسەوە بە ملیارەها دۆلار زەرەرمەند دەبێت بۆ ئەوەی كە سووتەمەنی دابین بكات. ئێمە لە هەرێمی كوردستان داوامان كردووە بەپێی ڕێژەی خۆمان لە دابینكردنی بەرهەمەكان و بەكارهێنانی ناوخۆیی، ئێمەش ئەو ڕێژەیەمان هەبێت. حكوومەتی عێراق ئێستا یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ سوودوەرگرتنی ناوخۆ بە هاووڵاتیان دەدات.
بەپێی ڕێژە بێت، ئێمە ئەگەر ١٢.٦٪ حیساب بكەین كە تاكو ئێستا حكوومەتی فیدرالی لەسەر ئەو ڕێژەیە مامەڵەمان لەگەڵ دەكات، ١٢٦ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل نەوت بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت كە ئەمە ڕێژەیەكە خەڵكی كوردستان دەبێ ئەو ڕێژە سووتەمەنییەیان لەبەردەست بێت. بەڵام بەداخەوە لە حكوومەتی پێشووتر لە بەغدا ڕێژەیەك یان ژمارەیەكیان بەسەردا سەپاندین و گوتیان لە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت زیاتر مافتان نییە بۆ سوودی ناوخۆیی بەكار بهێنن، ئەمە هیچ جۆرە دادپەروەرییەكی تێدا نییە، بۆیە ئێمە داوامان لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كردووە و لەگەڵ حكوومەتی فیدرالیش قسە دەكەین بۆ ئەوەی ئەم ڕێژەیە ڕاست بكرێتەوە، ئەم نادادپەروەرییە ڕاست بكرێتەوە كە پێشتر هەبووە. ئومێدم وایە لەگەڵ ئەم حكوومەتە كە ئێستا پەیوەندیمان باشە، پێداچوونەوەیەك بەو نادادپەروەرییەدا بكرێ و مافی خەڵكی كوردستان چەندە، ئەوەندەی بۆ تەرخان بكرێت.
ئێمە ئێستا لە هەرێمی كوردستان ٥٠ هەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی ناوخۆیی بەكار دەهێنین، بەڵام ئەو ڕێژەیەی تر یان ئەوەیە ڕێگەمان پێ بدرێ بەرهەمی ناوخۆیی بۆ سوودی ناوخۆیی زیاد بكرێ، یانیش حكوومەتی فیدرالی ئەگەر هەندێك لە برادەران پێشیاری ئەوەیان كردووە لە بەغدا ئەم ڕێژەیە دابین بكرێ، داوایان لێ دەكەین ئەو ٧٠ هەزار بەرمیلەی كە ماوە، لە لایەن حكوومەتی فیدرالییەوە ئەگەر دەتوانن بۆمان بێنن، ئەمە بێگومان كاریگەرییەكی یەكجار زۆر دەكات لەسەر دابەزاندنی نرخ و دابینكردنی ئەو بەشەی سووتەمەنی كە خەڵكی كوردستان ئێستا پێویستییان پێیەتی.
ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە، كەمترە لەوەی كە خەڵك داوای دەكات، بۆیە پێشتر لە دەرەوە دەهێندرا، بەڵام ئێستا بە حوكمی ئەوەی كە نرخەكان زیاد بوون، ئەمە كاریگەری كردووەتە سەر نرخ لە هەرێمی كوردستانیش.
هەوڵمان داوە كە خەڵكی كوردستان زیاتر لە هەموو كەسێك سوودمەند بێ و كەمترین زەرەر و زیانی بەر بكەوێ، بۆیە داوامان لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كردووە پێداچوونەوە بە نرخەكان بكەن و نرخی حكوومەت بۆ بەنزینی نۆرماڵ بە ڕێژەیەكی دیاریكراو كە پێموایە پێشتریش راگەیاندراوە، ٧٥٠ دینار و بازرگانییەكە لە ٨٥٠ زیاتر تێنەپەڕێت، بۆ بەنزینی موحەسەن و سووپەریش دیسان داوام لێیان كردووە كە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان قسەیان كردووە، پێداچوونەوەیەك بكەن چونكە دیارە لە بازاڕ ئەو بەنزینە وەكوو پێویست نییە، پێداچوونەوەیەك بكەن بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاوی ئەو كێشەیەش بكرێت.
بەهەر حاڵ ئەوەی من دەمەوێ بیڵێم، ئێمە بەردەوامین، لەگەڵ خەڵكین، لەگەڵ ئازارەكانی خەڵكین، لەگەڵ داواكارییەكانی خەڵكین، ئەوەی پێشمان بكرێت بۆ دابینكردنی مافەكانیان بەردەوام دەبین، چ لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی بێت، چ بە هەوڵی ناوخۆیی بێ بۆ ئەوەی ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێ.
بۆ دۆخی حكوومەت دیسان من دووبارەی دەكەمەوە، چاوەڕێ دەكەین بۆ ئەوەی هەموو ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن، ئێستا یەك هەڵوێستی، یان یەكڕیزی، یان تێگەیشتن و بەیەكەوە كاركردنی لایەنە سیاسییەكان لە هەموو كاتێكی تر زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین بە یەكەوە ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانە ببینەوە و وەفاداریش بین بەرامبەر بەو بەڵێنەی كە بە خەڵكی كوردستانمان داوە. جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم.