Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هاووڵاتییان بۆ KDP.info: پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ خزمەتێکی گەورەی ئایینی، مرۆیی و ژینگەیییە بۆ دەڤەرەکە

ئاکرێ-KDP.info- پڕۆژەی ستراتیجی ئاوی قەزای ئاکرێ، بە گوژمەی نزیکەی ١١٠ ملیار دینار لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کێشەی چەندین ساڵەی کەمئاوی لە دەڤەرەکە و ٢٠ گوندی دەوروبەری چارەسەر دەکات. لەم بارەیەوە، دانیشتووانی قەزای ئاکرێ، دڵخۆشی و پێزانینی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکوومەت، لەڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی KDP.infoـەوە ڕاگەیاند و دەڵێن، "بە تەواوبوونی پڕۆژەکە کێشەی نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە چارەسەر دەبێت و چیتر هاووڵاتیانی دەڤەرەکە بەهۆی کەمئاوی ڕووبەڕووی کێشە نابنەوە".

لەوبارەیەوە بەهجەت عەبدولڕەزاق، كە دانیشتوویەکی قەزای ئاکرێیە، خۆشحاڵی خۆی بۆ پڕۆژەکە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەربڕی و گوتی، "مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێی پڕۆژە ستراتیجییەکەی ئاوی ئاکرێ، خەونی چەندین ساڵەی خەڵکی ئاکرێی بەدی هێناوە." ئەو دەڵێت، "ڕاکشانی تۆڕی ئاو لە زێی گەورە بۆ دابینکردنی ئاوی ڕۆژانە، یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی قەزای ئاکرێ. چونکە خەڵکی ناوچەکە چەندین ساڵە، بە تایبەتی لە وەرزی هاوین، بەهۆی کەمی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن. ئێستا بە جێبەکردنی ئەم پڕۆژەیە، ئەو کێشەیە بەرەبەرە کۆتایی پێدێت و تا چەندین ساڵی داهاتووش، خەڵکی ئاکرێ و گوندەکانی دەوروبەری، لە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەدانی سوودمەند دەبن و کێشەی کەمی ئاویان چارەسەر دەبێت."

لە لایەکی دیکەوە، ئاسیا لوقمان، هاووڵاتییەکی تری دەڤەرەکەیە و لە ڕوانگەی ئایینی و مرۆییەوە تیشکی خستە سەر گرنگیی پڕۆژەکە و گوتی، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە خزمەتێکی ئاینی و مرۆیی گەورەیە، پەیامبەری ئیسلام و قورئانی پیرۆزیش بە چەندین فەرموودە و بەڵگە جەخت لە گەیاندنی ئاو و ئاوەدانی بۆ ڕێبواران و دانیشتووان دەکەنەوە، چونکە ئاو سەرچاوەی سەرەکی ژیانی ڕۆژانەیە. ئاسیا دڵخۆشە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاو لە قەزای ئاکرێ و دەڵێت، "تەرخانکردنی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بۆ پڕۆژەی ئاوی قەزای ئاکرێ و ٢٠ گوندی دەوروبەری، ئاماژەیەکی ڕوونە بە خەمخۆری حکوومەت بۆ ناوچە و گوندە دووردەستەکان، ئەمەش بووەتە مایەی خۆشحاڵی هاووڵاتییانی قەزای ئاکرێ".

هاوکات، زێرەڤان تەمۆ، دانیشتوویەکی تری ئاکرێ، ئاماژەی بە کەرتی ژینگە و سەوزایی کرد و گوتی، ئەوەی بە ڕوونی دەبینرێت و مایەی خۆشحاڵییە، پڕۆژەی ئاوی قەزای ئاکرێ لە کابینەی نۆیەم بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بە خێرایی کاری لەسەر دەکرێت." زێرەڤان تەمۆ تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی لەڕێی پڕۆژەکەوە چارەسەر دەبن و گوتی، نەبوونی ئاو لە سەنتەری ئاکرێ بووە هۆی وشکبوونی پارک و باخچەکان و کەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزایی. بەڵام بە جێبەجێبوونی ئەم پڕۆژەیە، نەک تەنها کێشەی کەمی ئاوی ماڵەکان چارەسەر دەبێت، بەڵکو دەبێتە هۆکاری زیندووکردنەوەی پارکەکان، باخچەکان و گەڕاندنەوەی سەوزایی بۆ سەرانسەری دەڤەری ئاکرێ و گوندەکانی دەوروبەری."

 زێرەڤان تەمۆ گوتیشی، ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی لە زستان و هاویندا دەهێنێت و ئاسوودەیی بۆ خەڵکی سەربەرزی ئاکرێ دەگەڕێنێتەوە.

 

ڕاپۆرت: ئەژین غەفار