هەولێر-KDP.info- وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەەیەنێت، ڕێکارەکانی هاوتاکردن و گواستنەوەی مووچەی کەسووکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بۆ سەر حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا گەیشتوونەتە قۆناغی جێبەجێکردن. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بڕیاری داوە تەواوی زیندانیانی سیاسی لە وەرگرتنی پارچە زەوی لە هەرێمی کوردستان سوودمەند بن.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ناڤسەر نووری عەبدال، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕوونکردنەوەی لەسەر دواپێشهاتەکانی هاوتاکردنی مووچە و دابینکردنی مافەکانی کەسووکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دا و گوتی، پرۆسەکە پێویستی بە هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان وەزارەتی شەهیدانی هەرێم و دەزگای شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی فیدراڵ هەیە تاوەکو بەیەکەوە سەردانی وەزیری دارایی عێراق بکەن. لەو چوارچێوەیەدا سەردانی وەزیری دارایی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ شاندی حکوومەت بووەتە هۆی دواکەوتنی بەشێک لە ڕێکارەکان.
بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتیشی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە کار لەسەر باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەسووکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەکات، و ڕژدە لەسەر دابینکردنی تەواوی شایستە داراییەکانیان بەپێی دەستووری عێراق و یاسا بەرکارەکان.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ناڤسەر نووری ڕوونی کردەوە کە بەهۆی ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ پارچە زەوی بۆ زیندانیانی سیاسی دابین ناکات، بە بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن. گوتیشی لە ئایندەیەکی نزدیکدا ڕێکارەکانی گواستنەوەی دۆسیەکانیان جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی بە تەواوی لە شایستەکانیان بەهرەمەند ببن.
قائید میرۆ