شێخان-KDP.info- بەهۆی پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی زەمینە بۆ کەرتی تایبەت، کەرتی کشتوکاڵ لە سنووری قەزای شێخان وەرچەرخانێکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شێخان ڕایدەگەیەنێت، دامەزراندنی کارگەکانی پاککردنەوەی گەنم خێر و بەرەکەتی بۆ ناوچەکە هێناوە و کێشەی چەندین ساڵەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی لە سایلۆکاندا بە یەکجارەکی چارەسەر کردووە.
نەجمەدین عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "لە سنووری قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهۆک، بە پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە، ژمارەیەک کارگەی پاککردنەوەی گەنم دامەزراون. تەنها لە ناحیەی کەلەکچی پێنج کارگە بەردەوامن لە کارکردن و هەر یەکێکیان ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ تەن گەنم پاک دەکەنەوە."
ناوبراو دەشڵێت، "ئەم کارگانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە بەرزکردنەوەی کواڵیتی گەنمی جووتیاران، چونکە ئێستا گەنمی پاککراو لە سایلۆکان بە پلە یەک وەردەگیرێت، ئەمەش کێشەی وەرنەگرتنی بەرهەمی جووتیارانی تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەر کردووە. هەروەها بووەتە هاندەرێک بۆ ئەوەی جووتیاران لە شێخان و ناوچەکانی دەوروبەر زیاتر گرنگی بە چاندنی گەنم بدەن."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شێخان لە درێژەی لێدوانەکەیدا، جەختی لەوە کردەوە کە هاوکارییە فراوانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ئاسانکردنی پێدانی مۆڵەت، دابینکردنی کارەبای پاڵپشتیکراو، تەرخانکردنی زەوی بۆ دروستکردنی کارگەکان و هەروەها پشتگیریی کەرتی کشتوکاڵ، هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی کەرتی کشتوکاڵ بووە لە دەڤەرەکە، ئەمەش بووەتە مایەی دڵگەرمی جووتیاران".
ئەژین غەفار