ئەڵمانیا-KDP.info- لە شاری دۆسلدۆرفی وڵاتی ئەڵمانیا، بە چاودێریی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی، کۆنگرەی یەکەمی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان-دیاسپۆرا بەڕێوەچوو.
لە پرۆسەیەکی دیموکراسییانەدا کە نووسەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان و کوردستانی سوور تێیدا بەشدار بوون، پەیڕەوی ناوخۆ پەسەند کرا و دەستەیەکی نوێی 9 کەسی بۆ بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردران.
لە میانی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆنگرەکەدا، بە وردی گفتوگۆ دەربارەی پەیڕەوی ناوخۆی فیدراسیۆنەکە کرا و ئەندامان بۆچوون و پێشنیازەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردن و رێکخستنەوەی کارەکانی داهاتووی فیدراسیۆنەکە خستە ڕوو.
دواتر پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی نوێی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنەکە دەستی پێکرد، کە تێیدا 49 ئەندامی کۆنگرە مافی دەنگدانیان هەبوو، بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی شەفاف و بێگەرد، لیژنەی جیاکردنەوەی دەنگەکان پێکهێنرا کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە نوێنەرایەتیی سەرجەم پارچەکانی کوردستان و قەوقازی تێدا رەچاو کرابوو، ئەندامانی لیژنەکە پێکهاتبوون لە عەباس مەندە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ماجد نوری لە باشووری کوردستان، سەبری ڕەسوڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان، فەتاح تیمار لە باکووری کوردستان، لەگەڵ جاسۆ وەزیر وەک نوێنەری قەوقاز و کوردستانی سوور.
دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، 9 ئەندام بەپێی پلەبەندیی دەنگەکانیان توانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و ببنە ئەندامی دەستەی نوێی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنەکە، خاڵی جێی سەرنج و گرنگی ئەم هەڵبژاردنە ئەوە بوو کە دەستە نوێیەکە نوێنەرایەتیی نووسەرانی رۆژهەڵات، باکوور، باشوور و رۆژئاوای کوردستانی تێدایە.
ئەو ناوانەی کە متمانەی کۆنگرەیان بەدەستهێنا و بۆ دەستەی نوێی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان-دیاسپۆرا دەرچوون، پێکهاتوون لە سەردار جاف، داڤان یەحیا، گەوهەر مەمۆ، قادر شیری، وەلی سەبری، عەبدوڵڵا جندی، باران باراڤی، عومەر ئیسماعیل و عەبدولباقی حوسێنی، هاوکات هەریەک لە یوسرا زێباری و خەیلازا رەشید وەک دوو ئەندامی یەدەگی دەستەکە هەڵبژێردران.
بەستنی ئەم کۆنگرەیە لە دەرەوەی وڵات، هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ کۆکردنەوەی تواناکانی قەڵەم و نووسەرانی کورد لە تاراوگەدا، فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا، کار بۆ پاراستنی زمان و کولتوور و فەرهەنگی کوردی دەکات و ئامانجییەتی دۆزی رەوای گەلی کوردستان لە رێگەی ئەدەب و نووسینەوە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنێت، بەشداریکردنی نووسەرانی پارچەکانی کوردستان لەگەڵ کوردستانی سوور، پەیامێکی بەهێزی نەتەوەییە بۆ یەکڕیزیی و تێکەڵکردنی ئەزموونە جیاوازەکان، لە لایەکی دیکەوە، ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی لەم کۆنگرەیەدا، نیشاندەری گرنگیپێدان و پاڵپشتیی بەردەوامیانە بۆ رەوەندی کوردستانی بەگشتی و فیدراسیۆنەکان و کۆمەڵە و ناوەندەکان بەتایبەتی لە سەرتاسەری جیهاندا، تاوەکو لە رێگەی ناوەندە رۆشنبیرییەکانەوە یەکڕیزیی نەتەوەیی بپارێزرێت و پردی پەیوەندیی نێوان کوردانی تاراوگە و نیشتمان بەهێزتر بکرێت.