Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی سووریا دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی ڕووداوێکی ھاتووچۆ لە سووریا کە بووە ھۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ٦٥ کەس، لە پەیامێکدا سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی گەل و حکوومەتی سووریا کرد.

ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ـی تەممووزی ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ھەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ گەل و حکوومەتی سووریا دەربڕی، بەھۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک ھاووڵاتی و کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ڕووداوێکی ھاتووچۆدا.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە ھەواڵی رووداوە دڵتەزێنەکەی ھاتوچۆمان لە سووریا پێگەیشت، کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک ھاووڵاتی کە زۆربەیان لە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بوون."

نێچیرڤان بارزانی ھاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانیان دەربڕیوە و نووسیویەتی: "لێرەوە سەرەخۆشی و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە، کەسوکاری قوربانییان و حکوومەتی سووریا دەکەین."

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت: لە خوای گەورە داواکارین کۆچکردووان بە بەزەیی و رەحمەتی فراوانی خۆی شاد بکات و جێگەیان بەھەشتی بەرین بێت، ھیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ سەرجەم بریندارەکان دەخوازین.