Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیکاری وەزارەت بۆ KDP.info: قۆناغی دووەمی پڕۆژەی (گەشانەوە) دەست پێ دەکات

ھەولێر-KDP. info- بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی (گەشانەوە) بۆ پێدانی قەرزی بچووک و مامناوەند. لەم قۆناغەدا ١٠٠ کەس سوودمەند دەبن و بۆ هەر پڕۆژەیەک تا ١٥٠ ملیۆن دینار تەرخان دەکرێت.

زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''پڕۆژەی گەشانەوە بۆ پێدانی قەرزی بچووک و مامناوەند بەردەوامیی دەبێت، کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا قەرز بە ٢٥ کەس درا، بەڵام بۆ ئەمساڵ ڕێژەکە چوار قات زیاد کراوە و دەبێتە ١٠٠ کەس. ئامانج لەم هەنگاوە هاوکاریکردنی ئەو کەسانەیە کە پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان هەیە، تاوەکو پڕۆژەکانیان فراوان بکارێن و هەلی کاری زیاتر بۆ کەرتی کارپێکردن برەخسێنن.

دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، زەکیە سەید ساڵح گوتیشی، '' لەگەڵ نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕێکخراوێکی ناحكوومی و بانکێکی ئەهلی هەماهەنگیی تەواو کراوە تاوەکو لە مساڵدا دەست بە پێدانی قەرزەکان بکرێت.

بریکاری وەزارەتی کار ڕوونی کردەوە کە داواکارییەکان لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی (گەشانەوە)وە بە فۆرمی ئەلیکترۆنی پێشکەش دەکرێن، بەگوێرەی ئەم مەرجانەی خوارەوە، (پێویستە داواکار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت، تەمەنی داواکار لە نێوان ٢١ بۆ ٦٠ ساڵدا بێت، پێویستە پڕۆژەکە لە ناو هەرێمی کوردستاندا بێت، بەلایەنی کەمەوە ١٢ مانگ بەسەر دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا تێپەڕی بێت و هەر داواکارێک تەنیا یەکجار مافی پێشکەشکردنی فۆڕمی هەیە).

 

بڵند ئیبراهیم