ھەولێر-KDP.info- بەرپرسانی ناوچەکانی پارتی لە دێرەلۆک، زاخۆ و شنگالەوە بۆ KDP.info جەخت لەسەر گرنگی و کاریگەریی قووڵی خولەکانی پێگەیاندن دەکەنەوە و دەڵێن، ئەم خولانە دەرئەنجامی یەکجار باشیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سیاسی و کارامەیی ڕێکخستنی کادیراندا هەبووە.
مەهدیە سەعدوڵڵا، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی دێرەلۆکی سەر بە لقی ١٨ی ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''خولەکانی پێگەیاندن و گەشەپێدانی کارامەیی کادیران، یەکێکە لە باشترین و سەرەکیترین ستراتیژییەکانی ئێمە لە قۆناغی ئێستادا. کادیر ستوونی سەرەکیی ڕێکخستن و گەیەنەری پەیام و بیرۆکە پارتایەتییەکانە بە خەڵک، بۆیە پێشخستنی کارامەیییان، نەک تەنیا پێویستییەکی کاتییە، بەڵکوو هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ داهاتوو.
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی دێرەلۆک ئاماژەی بەوەش دا کە تایبەتمەندیی ئەم خولانە لە دوای سەرکەوتنی کۆنگرە گرنگییەکی زیاتری هەیە و گوتی، ''پێویستە سیاسەت، بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە بە شێوازێکی زانستی و هاوچەرخ بگەنە ناو ڕێکخستنەکان. ئەم خولانە باشترین دەرفەتن بۆ نوێکردنەوە و ڕووناکبیرکردنی بیروباوەڕی پارتایەتی و بەرزکردنەوەی ئاستی بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی کادیران، تا بتوانن لە ئاستی تەحەدا و داواکارییە نوێیەکاندا بن.
لای خۆیەوە، مێڤان شوکری، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خابووری سەر بە لقی ٨ی زاخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە کردنەوەی خولەکانی پێگەیاندن کاریگەریی ڕاستەوخۆ و بەرچاوی لەسەر بەرزکردنەوەی توانای کادیران هەبووە و گوتی، ''لە ناوچەی ئێمە وەک نموونە، خولێکی بەهێزمان کردەوە کە هەموو ئاست و بوارەکانی لەخۆ گرتبوو. دوای کۆتاییی خولەکە، گۆڕانکاریی زۆر گەورە لە توانای کادیرانماندا لە بواری زانستی سیاسی، چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک و مێژووی پارتی و کوردستاندا بەدی کرا.
هەر لەم بارەیەوە، سوهام سەعید، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی سیبای سەر بە لقی ١٧ی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لە دوای کۆنفرانسەکانی ناوخۆی پارتی، دەموچاوی نوێ و گەنجی زۆر هاتوونەتە ناو حزب. بەو پێیەی جیهانی ئەمڕۆ لە پێشکەوتنی خێرادایە، کادیرانی ئێمەش پێویستیان بە خۆدەوڵەمەندکردن هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە، هەر بۆیە ئەم خولانە لەسەر ئاستی لق، ناوچە و ڕێکخراوەکان بەردەوامن.
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی سیبا لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، ''پارتی یەکێکە لە حزبە گەورەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە کادیرانی هەمیشە بە زانیاریی نوێ ئاشنا بن، بۆیە بەردەوامیی ئەم خولانەمان بە پێویست دەزانین و دەرئەنجامی زۆر باشیان هەبووە.
قائید میرۆ