Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان هێزی گۆڕانکاری و بڕیاردانی سەردەم

هێشو دارا

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ئافرەتی کورد گەیشتووە بە ئاستێکی نوێ لە ئامادەبوون و بەشداری لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ڕۆشنبیری. ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوەیەکی سروشتی ڕوویان نەداوە، بەڵکوو بەرهەمی خەباتی درێژخایەن و هەوڵی دامەزراوە و ڕێکخراوە نیشتمانییەکانن، کە لە پێشەوەیاندا یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەک دەنگی ئافرەت و پارێزەری مافەکانی ئافرەت ڕۆڵێکی دیار و کاریگەر گێڕاوە.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ماوەی کار و چالاکییەکانی خۆیدا، تەنها لە سنووری بەرگری لە مافەکانی ئافرەت نەماوەتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی پراکتیکی هەوڵی بۆ بەهێزکردنی کەسایەتی ئافرەت، زیادکردنی هۆشیاری یاسایی و کۆمەڵایەتی، و ئامادەکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەشدارییەکی فراوانتر لە هەموو بوارەکان داوە لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی کۆڕ، سیمینار و خولە هۆشیاری‌بەخشەکان لە سەرجەم پارێزگا و ناوچەکانی کوردستان، بەردەوام کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پێگەیاندنی ئافرەتان. ئەم چالاکیانە، کە جەخت لەسەر ماف، ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەنەوە، بەشێکی گرنگن لە پرۆسەی بنیادنان و پێشکەوتنی کۆمەڵگایەکی دیموکرات و پێشکەوتوو. بێگومان، توانابەخشینی ئافرەتان بناغەیەکی سەرەکییە بۆ داهاتوویەکی باشتر و بەهێزتر بۆ کوردستان ئەم ڕێکخراوە باوەڕی وایە کە گەشەپێدانی کۆمەڵگە بەبێ گەشەپێدانی ئافرەت ئەستەمە، و هەر بۆیە هەمیشە لە پێشەوەی بانگەشە بۆ دادپەروەری و یەکسانی و پاراستنی کرامەتی مرۆڤایەتی وەستاوە.

ئەمڕۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێن، وەک فراوانبوونی دەرفەتی خوێندن، زیادبوونی بەشداری ئافرەتان لە دامەزراوە حکوومییەکان، هەبوونی ژمارەیەکی زیاتر لە ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان، هەروەها هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، هەموویان بەشێکن لە ئەنجامی ئەو هەوڵ و خەباتانەی کە ساڵانێکە بەردەوام بوون.

هێزی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەوەدایە کە هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم هاوئاهەنگ بووە و پشتیوانی لە دروستکردنی نەوەیەکی هۆشیار، باوەڕبەخۆ و بەڕێوەبەری داوە. هەروەها هانی ئافرەتانی داوە کە خۆیان بەشداری لە دروستکردنی داهاتووی کوردستان بکەن، نەک تەنها وەک بینەر، بەڵکوو وەک بڕیاردەر و سەرکردە.

ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ باس لە ئافرەتی بەهێز، فێربوو، سەربەخۆ و کاریگەر دەکەین، ئەوا پێویستە دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە پاش هەر سەرکەوتنێک، خەباتێکی زۆر، قوربانی و ماندووبوونی زۆر هەبووە. یەکێتی ئافرەتانی کوردستان یەکێکە لەو هێزانەی کە بە بەردەوامی ئەم بارودۆخەی گۆڕیوە و ڕێگەی بۆ ئافرەتانی کورد خۆش کردووە.

لە کۆتاییدا، پاراستنی ئەو دەستکەوتانە و درێژەپێدانی ئەو گۆڕانکارییانە پێویستی بە هاوکاری هەموو لایەک هەیە. چونکە ئافرەتی بەهێز، بناغەی خێزانێکی بەهێزە، و خێزانێکی بەهێزیش بناغەی نەتەوەیەکی سەربەرز و کوردستانێکی پێشکەوتووە.