ئاکرێ-KDP.info- لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کار و پلان و بەرنامەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کاروباری ڕێکخستن و کاری ئۆرگانەکان، د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستن سەردانی لقی ٩ی ئاکرێی کرد و لەگەڵ کادیران و ئۆرگانەکانی سنوورەکە کۆبووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، د. هێمن هەورامی بە یاوەریی یاریدەدەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسی، هەروەها یاریدەدەر و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک، سەردانی لقی ٩ی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە قەزای ئاکرێ کرد.

لە کۆبوونەوە و دیدارێکی بەرفراواندا کە بەرپرس و کارگێڕانی لق، بەرپرس و کارگێڕانی ناوچەکان و بەرپرس و کارگێڕانی ڕێکخراوەکانی سنووری لقی ٩ ئامادەی بوون، بە وردی خاڵەکانی پەیوەست بە کاری پارتایەتی، ئاستی جێبەجێبوونی بەرنامە و پلانەکان و گەشەکردنی بەرچاوی چۆنایەتی و چەندایەتیی ڕێکخستنەکان خسترانە ڕوو.
د. هێمن هەورامی جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی یەک لە دوای یەکی پارتی لە هەڵبژاردنەکاندا لە سنووری ئاکرێ و لەخۆبوردوویی تێکڕای هەڤاڵان، مایەی شانازی و پێزانینی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی ناوچەکە و دوایین هەڵوێست و دیدگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونکردنەوەی پێویستی بۆ هەڤاڵانی سنوورەکە خستە ڕوو.
لە کۆتاییشدا بە سنگێکی فراوانەوە گوێ لە سەرنج، پرسیار و تێبینییەکانی ئامادەبووان گیرا و وەڵام و ڕوونکردنەوەی پێویستیان دەرەبارەی تەوەرە جیاوازەکان پێ درایەوە.
