Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قادر قاچاغ بۆ KDP: ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی خولی ٢١ی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیران دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، خولی ٢٠ی پەیمانگاکەیان کۆتایی پێھاتووە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەستپێکردنی خولی ٢١، کە بڕیارە لە مەراسیمێکدا کۆتاییھاتنی خولی ٢٠ و دەستپێکردنی خولی ٢١ پێکەوە ئەنجام بپەڕێندرێن.

قادر قاچاغ، بەرپرسی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: تا ئێستا ٢٠ خول لە پەیمانگای پێگەیاندنی کادیران تەواوبوونە و ئامادەکاری بۆ کردنەوەی خولی ٢١ دەکرێت. زۆر سەرکردە و کادیری پێشکەوتوو دەرچووی ئەم پەیمانگایەن و بەردەوامین؛ ئەمەش وەکو زانکۆیەکی پارتییە و مامۆستا و دامەزرێنەری پەیمانگاکەش بارزانی نەمرە. لە ھەموو بارودۆخێکی لەباردا ئەم پەیمانگایە بەردەوام بووە، لە دواین خولدا ٩٦ کادیر بەشداربوون کە ٢٠یان ئافرەت بوون، و وەک دەزگایەکی سەرەکیی مەکتەبی سیاسی بەردەوام دەبین.

سەبارەت بە شێوازی دەستپێکردنی خولی نوێ، قادر قاچاغ ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا ئەگەر بارودۆخ گونجاو بێت خولەکە دەست پێبکات، چونکە ناکرێت ئەو خولانە ڕابگیرێن چونکە مامۆستا و دامەزرێنەری ئەم پەیمانگایە بارزانی نەمرە.

سەبارەت بە ماوە و مەرجەکانی بەشداریبوون، ناوپێبراو گوتیشی: ئەو خولانە لە شەش مانگ کەمتر نین و ھەندێک جار دەگاتە ھەشت مانگیش کە ھەندێک بۆنە دێنە پێشەوە. ئەوانەی بەشدار دەبن لە شەشی ئامادەیی کەمتر نین و ھەندێکیان دەرچووی زانکۆ، پەیمانگا، و قوتابیی ماستەر و دکتۆران. ھەندێک جار خولەکان بۆ ئەو کادیرانەن کە خولیان نەدێتووە، و ھەندێک جاریش بۆ کادیری ڕێکخراو، ناوچەکان، ئەندامی لق و بەرپرسی ناوچەکانە، ئەوەش بەپێی ڕێنمایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت.

قادر قاچاغ گرنگیی خولەکانی ڕوون کردەوە و گوتی: ئەم خولانە زۆر گرنگن، وەکو ئەوە وایە گەر نەڕۆیت بۆ کۆلێژی یاسا نابیتە پارێزەر و نەچیتە کۆلێژی پزیشکی نابیتە دکتۆر، بە ھەمان شێوەش نابیتە کادیرێکی تەواو گەر بەشداری لەم خولانەدا نەکەیت. وانەکانیش لەلایەن مامۆستای زانکۆ و ئەندامانی سەرکردایەتییەوە دەگوترێنەوە. بۆیە ئێستا ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی خولی ٢١ و دەرچوونی خولی ٢٠ پێکەوە ئەنجام بدەین، و چاوەڕێ دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا خولی ٢١ دەست پێبکات.

 

بڵند ئیبراھیم