هەولێر-KDP.info: گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بە لێخۆشبوون بۆ قەرزی کارەبا و، لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێنمایی بۆ دەردەکرێت؛ هاوڵاتییان دەتوانن لە ماوەی یەک مانگدا قەرزەکە لە ڕێگەی ( ئیپسووڵە)وە بدەنەوە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار درا سەبارەت بە لێخۆشبوونی قەرزی کارەبای لای (بازرگانی، کشتوکاڵی، مەدەنی، حکوومی و پیشەسازی) و، حکوومەت بۆ هەموان بە ڕێژەی جیاواز لێخۆشبوونی دەرکردووە:
بۆ بازرگانی: 25%
بۆ کشتوکاڵی: 50%
بۆ حکوومی: 25%
بۆ مەدەنی: 50%
بۆ پیشەسازی: 25%
ئەم بڕیارە بۆ ماوەی یەک مانگە، بۆیە دەتوانن لە ماوەی ئەو مانگەدا ئەو برە پارەیەی لایانە وەکو قەرزی کۆن بگێڕنەوە و ئەم لێخۆشبوونە دەیانگرێتەوە.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی: "ئەگەر لە ماوەی ئەو مانگەدا قەرزەکە نەدەیتەوە، ئەو کاتە لێخۆشبوونت ناتگرێتەوە. ئەمە قەرزی کۆنە و ئەوەی بیەوێت بگێڕێتەوە لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت. ئەمە فشار نییە، ئەگەر پارەکەش نەدەن کارەبایان لێ نابڕدرێت، و تەنها بۆ ئاسانکارییە بۆ هاوڵاتییان تاکو لێخۆشبوونیان بۆ بکرێت؛ دەتوانن لە ڕێگەی ئیپسووڵەوە قەرزەکە بدەنەوە. لە دوو ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی کارەبا بە کۆمەڵێک ڕێنمایی وردەکارییەکە دەخاتە ڕوو، بۆیە لە نزیکترین کاتدا دەتوانن قەرزەکە بدەنەوە. ئەمە قەرزی کۆنە و هی ئێستا نییە (هی پێش پرۆژەی ڕووناکییە) ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ خەڵکی خۆمان بکرێت."
بڵند إبراهیم