Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھێمن ھەورامی: پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئامادەیە

​ھەولێر-KDP.info- ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ھەڵبژاردن ھیچ پاساوێکی سیاسی و یاسایی ھەڵناگرێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی ھەمیشە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.

​لە دیدارێکدا لەگەڵ ماکسیم ڕوبن، کۆنسوڵی گشتیی ڕووسیای فیدراڵ لە ھەرێمی کوردستان، د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی، تیشکی خستە سەر کۆتا ھاوکێشە و پێشھاتە ناوخۆیی، عێراقی و ھەرێمایەتییەکان.

​د. ھێمن ھەورامی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ھێز و لایەنانەی کورسیی پەرلەمانیان ھەیە و ڕێگرن یان ئامادە نین پەرلەمان کارا بێتەوە، بەرپرسیارێتیی یاسایی، سیاسی و مێژوویی لە ئەستۆ دەگرن.

​ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، "وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە، ئەوەی لە ئەستۆمان بووبێت لە گفتوگۆی نزیکەی ۲۰ مانگی ڕابردوو، نەرمیی نواندن، ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی سیاسی، ئاڵوگۆڕی پەیام، سەردان و دیالۆگ ئەنجاممان داوە. لە ڕابردوودا و ئێستاش ئامادەین بۆ بەشداری لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا.