هەولێر-KDP.info- لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە مەبەستی ڕێکخستنی نرخ و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چەند بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە دیاریکردنی نرخی جۆرەکانی بەنزین (نۆرماڵ، محسن و سوپەر) دەرکرد.
بەگوێرەی بڕیارەکان، نرخی جۆرەکانی سووتەمەنی لە بەنزینخانەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
یەکەم: بەنزینی کوالێتی نۆرماڵ
- لیتری بەنزینی دابینکراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بەنزینخانەکان بە ٧٥٠ دینار دەبێت.
- نرخی فرۆشتنی بەنزینی بازرگانی لە جۆری نۆرماڵ، نابێت لە ٨٥٠ دینار زیاتر بێت.
دووەم: بەنزینی کوالێتی محسن
- نرخی فرۆشتنی لیتری بەنزینی محسن لە بەنزینخانەکان نابێت لە ١٠٠٠ دینار تێپەڕ بکات.
سێیەم: بەنزینی کوالێتی سوپەر
- نرخی لیتری بەنزینی سوپەر لە بەنزینخانەکان نابێت لە ١٢٠٠ دینار زیاتر بێت.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی لەسەر پرسی کوالێتی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە؛ پێویستە ھەرسێ جۆری بەنزینی (نۆرماڵ، محسن و سوپەر) بە وردی و بەگوێرەی ڕێنمایی و ستانداردە پەسەندکراوەکانی وەزارەت بێت، بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێری وردی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە دەکەن.
