Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تایبەت KDP. info... سۆران لە گەشتیاریی سروشتییەوە بەرەو گەشتیاریی کلتووری

سۆران -KDP.info- هەرێمی کوردستان بەهۆی میراتی مێژوویی، کلتووری و سروشتە دەوڵەمەندەکەیەوە، دەتوانێت لە گەشتیاریی سروشتییەوە بپەڕێتەوە بۆ گەشتیاریی کلتووری، شارەزایان و بەرپرسانیش پێیان وایە بە ناساندنی کلتووری کوردی و گەشەپێدانی گوند و شوێنەوارە مێژووییەکان، هەرێم دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین مەبەستە گەشتیارییەکانی ناوچەکە. 

نادر ڕۆستی، نووسەر و شارەزای بواری گەشتوگوزار، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی KDP.info گوەی "هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە پشتبەستن بە سامانی کلتووری خۆی، گەشتیاری سروشتی بگۆڕێت بۆ گەشتیاری کلتووری، چونکە هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە کلتووری ماددی و مەعنەوی، لە زمان و دابوونەریت و ڕێوەڕەسم بگرە، تا شوێنەوار و کەلەپور و کەرەستەی مێژوویی و هونەر و ئەدەب.

 گەلی کوردستان خاوەنی کلتوورێکی دەوڵەمەند و تایبەتمەندە و جیاوازییەکانی خواردن، جلوبەرگ و فێستیڤاڵە کلتوورییەکان دەتوانن ببنە هۆکاری سەرەکی بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران."

 ڕۆستی پێشنیاری (بەنەتەوەییکردنی گەشتوگوزار) دەکات و دەڵێت "بەنەتەوەییکردنی گەشتگوزار ئەوەیە کە تەواوی شوێن و چالاکییە گەشتیارییەکان بە ڕەهەندی کوردی دیزاین بکرێن، بۆ نموونە گەشتیاران لەجیاتی مانەوە لە هوتێلە ٥ ئەستێرەکان، لە هوتێلە فۆلکلۆرییەکان میوانداری بکرێن کە هەمان ئاستی خزمەتگوزارییان هەبێت، بەڵام دیزاین، جلوبەرگی کارمەندان، مۆسیقا و کەشوهەوایان ڕەنگدانەوەی کلتوری کوردی هەبێت." 

 نادر ڕۆستی، لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە "گوندەکان باشترین شوێنن بۆ نیشاندانی ڕەسەنایەتی کلتوری کوردی، چونکە شێوازی بیناسازی، دابونەریت، پۆشاک، ژیانی لادێ، بەخێوکردنی ئاژەڵ و خواردنی ڕەسەنی کوردی، هێشتا لەو شوێنانە پارێزراون،  پێویستە هەموو شوێنە گەشتیارییەکان لە فڕۆکەخانەوە تا هوتێل و شەقامەکان بە ڕەهەندی فۆلکلۆری کوردی بڕازێندرێنەوە."

هەر لەم بارەیەوە، فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سۆران وەک نموونەیەکی گەشتیاریی کلتووری دەبینێت و پێی وایە سۆران بەهۆی سروشتی بێهاوتا و میراتی دەوڵەمەندی مێژوویی و کلتوورییەوە، توانای ئەوەی هەیە ببێتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی گەشتیاریی کلتووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 ئەو بۆ KDP.info دەڵێت "ناساندنی سۆران نابێت تەنیا لە چوارچێوەی جوانییە سروشتییەکاندا بێت، بەڵکوو پێویستە وەک (مۆزەخانەیەکی کراوە) بناسرێت، شوێنێک کە مێژوو، مرۆڤ و ژینگە تێیدا پێکەوە مانایان دەبێت. سۆران خاوەنی ژمارەیەکی زۆر شوێنەوارە مێژووییە گرنگەکانە، لە ئەشکەوتی شانەدەر، کە یەکێکە لە گرنگترین شوێنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و ژیانی مرۆڤی نیاندەرتاڵ، تا شارستانیەتی مەساسیر لە ناوچەی برادۆست، بەردی کێلەشین، مێژووی ڕەواندز و میرنشینی سۆران، هەروەها باڵەکایەتی و بارزان، کە هەر یەکەیان بەشێکی گرنگی مێژووی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان پێکدێنن." 

 د.فەیسەڵ سادق، جەختی لەوە کردەوە "پێکەوەبوونی ئەم میراتە مێژووییانە لەگەڵ چیا، دۆڵ، کانی، گوندە کوردییەکان و ژینگەی سروشتی، دەتوانێت بنەمای دروستکردنی ڕێڕەوێکی تایبەتی گەشتیاریی مێژوویی و سروشتی و کلتووری بێت. 

 هەڵبەتە گەشتیاری کلتووری نابێت تەنیا لە بینینی شوێنەوار و شوێنە جوانەکاندا کۆتایی بێت، بەڵکوو دەبێت بگۆڕدرێت بۆ ئەزموونێکی زیندوو، کە گەشتیار تێیدا بەشدار بێت لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ناوچەکە. ئەمەش لە ڕێگەی گەشتیاریی لادێیی، ناساندنی ژیانی گوندی، پشتگیری لە بەرهەمە دەستییەکان، خواردنی کوردەواری، جلوبەرگی نەتەوەیی و هونەرە فۆلکلۆرییەکان دێتە ئارا." 

 فەیسەڵ سادق پێشنیاری ئەوەی کرد، کە لە هەر وەرزێکی ساڵدا فێستیڤاڵ و ڕووداوە تایبەتەکان ڕێکبخرێن، لە فێستیڤاڵی گوڵ، سروشت و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانەوە، تا چالاکییە کلتووری، هونەری و وەرزشییەکان، بۆ ئەوەی سۆران لە تەواوی وەرزەکانی ساڵدا ببێتە جێگای مەبەستی گەشتیاران. 

 د.فەیسەڵ لە کۆتاییدا گوتی "بە باش بەکارهێنانی ئەم دەرفەتانە، کلتوور و مێژوو تەنیا پارێزراوی ڕابردوو نابن، بەڵکوو دەبنە هۆکاری گەشەپێدانی ئابووری، دروستکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و زیادکردنی داهاتی نانەوتی. 

پێم وایە سۆران دەتوانێت ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتووی گەشتیاریی کلتووری و وێنەیەکی ئەرێنی لە کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پیشان بدات." 

 

ئەژین غەفار