Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت نرخی بەنزینی نۆرماڵ دیاری کرا و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن

هەولێر-KDP.info- حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرمانێکی وەزاریدا دەڵێت، نرخی بەنزینی کوالیتی نۆرماڵی بازرگانی لە بەنزینخانەکان نابێت لە 850 دینار بۆ هەر لیترێک زیاتر بێت، بەپێچەوانەوە بەنزینخانەکە دووچاری لێپێچینەوە دەبێت. 

لە فەرمانە وەزارییەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووز وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەریکردووە، هاتووە، دوابه‌دوای نووسراومان ژماره‌ (2364) له ڕێکه‌وتی 2026/7/2 که تایبه‌ته به ڕێگه‌ پێدان به هاورده‌کردنی (به‌نزین) بۆ پارێزگاکانی هه‌رێم، له‌سه‌ر فه‌رمانی ڕێزدار سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سووته‌مه‌نی و دابه‌زاندنی نرخی به‌نزین له بازاڕه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ی بارگرانی له‌سه‌ر هاووڵاتییان، بڕیارماندا به:

یه‌که‌م: به‌نزینی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌کان که به کوالیتی (نۆرماڵ) دابه‌شده‌کرێت به‌سه‌ر هاووڵاتییان و نرخی فرۆشتن بریتییه له (750) حه‌فت سه‌د و په‌نجا دینار بۆ هه‌ر لیترێک، به هه‌مان ڕێکاری کارپێکراو به‌رده‌وام ده‌بێت و وه‌زاره‌ت هه‌موو هه‌وڵه‌دات زۆرترین ڕێژه‌ی به‌نزین بخاته بازاڕ.

دووه‌م: نرخی فرۆشتنی به‌نزینی کوالیتی (نۆرماڵ)ی بازرگانی (تیجاری) له به‌نزینخانه‌کان نابێت له (850) هه‌شت سه‌د و په‌نجا دینار بۆ هه‌ر لیترێک زیاتر بێت، به پێچه‌وانه‌وه به‌نزینخانه‌که دووچاری لێپێچینه‌وه ده‌بێت.

هاوکات، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە فەرمانێکی کارگێڕیدا ڕایدەگەیێنێت، "بڕیارماندا بە ڕاسپاردنی لیژنەی تایبەتمەند بۆ جێبەجێکردنی نێوەڕۆکی فەرمانە وەزارییەکە."

هەر لەسەر ئەو بابەتە، پارێزگای هەولێر دەڵێت، سەرپێچیکاران کە "هەوڵی قۆرخکردن و گرانکردنی نرخ دەدەن لە فرۆشتنی جۆرەکانی سووتەمەنی و خراپیی کوالێتی" بە پێبژاردن و داخستن سزادەدرێن.