سلێمانی-KDP.info- لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، د. هێمن هەورامی سەردانی لقی ۲۱ی دەوروبەری سلێمانی کرد. لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، جەخت لەسەر بەهێزکردنی ڕێکخستنەکان، هەڵسەنگاندنی ئەنجامی کارەکان و داڕشتنی سۆنگەی نوێ بۆ قۆناغی داهاتوو کرایەوە.
ڕۆژی دووشەممە، ۲۰ی ۷ی ۲۰۲٦، د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی، بە یاوەرانی (یاریدەدەر و ئەندامانی بەشی ڕێکخستن) و هەروەها یاریدەدەر، بەرپرس و ئەندامانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕین، سەردانی لقی ۲۱ی دەوروبەری سلێمانییان کرد و لەلایەن کادیران و بەرپرسانی ناوچەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا کە کارگێڕانی لق، بەرپرس و کارگێڕانی ناوچەکان و ڕێکخراوەکان ئامادەی بوون، د. هێمن هەورامی وێڕای ئاراستەکردنی سوپاس و پێزانین بۆ ئامادەبووان، بە وردی ڕەهەندەکانی بەرئەنجامی کاری ڕێکخستن، هەڵسەنگاندنی ئۆرگانەکان و داڕشتنی بەرنامە و پلانی داهاتووی خستەڕوو.
د. هێمن هەورامی ئاماژەی بەوە کرد کە مایەی خۆشحاڵییە ڕێکخستنەکانی پارتی لە سنوورەکە لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە گەشەکردنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، ڕوونیشی کردەوە، ''بەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق بەڵگەی حاشاوهەڵنەگری ئەو پێشکەوتنەن. ئەرکی ئەمڕۆی هەموو لایەکمانە کە بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە ڕێکخستنەکانمان پتەوتر بکه ین و گەشەی زیاتریان پێ بدەین.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بە وردی وەڵامی پرسیار، سەرنج و تێبینییەکانی کادیران و ئامادەبووان درایەوە. هەروەها د. هێمن هەورامی شیکردنەوەی بۆ دوا پێشهات و بارودۆخی سیاسی و هاوکێشەکان کرد و دیدگا و هەڵوێستی نەگۆڕی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە.

