ھەولێر-KDP. info- لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، لەچوارچێوەی خشتەی پلە بەرزکردنەوەی مانگی 1ـی ساڵی 2025، پلەی 136 ئەفسەر و پلەداری سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا بەرزکرایەوە.
پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (136) و بەپێی نووسراوێکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی 136 ئەفسەر و پلەدار لەسەر میلاکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر.
ئەم بڕیارە بەپێی ماددەکانی (9 و 10) لە یاسای ڕاژە و خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئیتیحادی ژمارە (18)ـی ساڵی 2011ـی بەرکار لە هەرێمی کوردستان دەرچووە. نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران کە ژمارە (2112)ـی لەسەرە، لە ڕێکەوتی 16-7-2026 دەرچووە.
بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، بڕیاری بەرزکردنەوەی پلەی ئەم ئەفسەر و پلەدارانەی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ لە ڕۆژی دەرچوونی فەرمانەکەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.