Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەستەی ژینگە بۆ KDP.info: پێویستە خاوەن کارگەکان ئەم مەرجانە جێبەجێ بکەن

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لیژنەیەکی باڵا بۆ ڕێکخستنەوەی سەرجەم کارگەکانی هەرێم پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی و تەکنەلۆژیای نوێ کار بکەن، جەختیش دەکاتەوە کە ڕێگە بە هیچ کارگەیەک نادرێت بێ مۆڵەت و ڕەزامەندیی دەستەی ژینگە کار بکات.

ئازاد نووری عەوڵا، بەڕێوەبەری کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "پێش ماوەیەک کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانمان بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دا بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی کارگەکان، بە جۆرێک کە کارەکانیان هیچ کات کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان دروست نەکات."

زانیاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی، "لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانەوە لیژنەی تایبەت دروست دەکرێن و پێویستە سەرجەم کارگەکان بە فەرمی بناسرێن و مۆڵەت وەرگرن. تا ڕێنماییەکانی ئێمەش جێبەجێ نەکرێن، بە چاودێریی توندەوە ڕێگە بە کارکردنیان نادرێت، بەمەش کارگەکان ناچار دەبن نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەم بەکاربهێنن."

بەڕێوەبەری کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگە گوتیشی، "بۆ ڕێگەدان بە بەردەوامیی کارەکانیان، پێویستە خاوەن کارگەکان ئەم مەرجانە جێبەجێ بکەن، وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی و ڕەزامەندیی دەستەی ژینگە، دابینکردنی زەمان (دڵنیایی) بۆ سەرجەم کرێکاران، 

تەرخانکردنی ٢٥٪ی ڕووبەری کارگەکە بۆ سەوزایی، بەکارهێنانی فلتەری پێشکەوتوو بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی هەوا و پێدانی باجی ساڵانە بە ڕێکوپێکی.

ئازاد نووری عەوڵا باسی لەوەشكرد كە ئەو کارگەیانەی تەواوی مەرج و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکەن، بڕوانامەی نێودەوڵەتیی (ISO)یان پێدەدرێت.

سەبارەت بە پاڵاوگە نایاساییەکان، ئازاد نووری ئاشکرای کرد، "سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان داخراون. بەشێکیان بە ناوی دیکەوە وەک (کارگەی قیر) کاریان دەکرد، بۆیە ئێستا بە جدی و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر ئەم مەلەفە دەکەین، دەرفەتیان پێدراوە بۆ ڕێکخستنەوەی کارەکانیان، چونکە ڕێگە نادەین هیچ لایەنێک مۆڵەتی کارگەی قیر بۆ پاڵاوگەی نایاسایی بەکاربهێنێت."

 

بڵند ئیبراهیم