Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری پۆلیس بۆ KDP.info: هەماهەنگیی نێوان پۆلیس و ئەوقاف پتەوتر دەکەین

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بە مەبەستی هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی هەولێر و بۆردی وتاربێژان، سیمینارێکی گشتگیریان بەڕێوە بردووە، کە ئامانجی سەرەکی تێیدا، خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیانە.

عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەهێزترکردنی هەماهەنگی لە نێوان دامودەزگا حکوومییەکان و خزمەتکردنی باشتر بە هاووڵاتیان، بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر و سەرۆکی بۆردی باڵای وتاربێژان، سیمینارێکی هاوبەشمان ئەنجام دا.

بەرزنجی جەخت دەکاتەوە، لە سیمینارەکەدا، کە بە بەشداریی، دکتۆر بەشیر حەداد سەرۆکی بۆردی باڵای وتاربێژان، حاجی تەیب زراریی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەڕێوە چوو، باسمان لە پتەوکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی هەولێر و بۆردی باڵای وتاربێژان کرد.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هەر لە میانەی سیمینارەکەدا، وێڕای ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا، کۆمەڵێک پێشنیازمان بۆ پاراستنی ئارامی، ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگە و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان تاووتوێ کرد.

عەمید کامل هێما بۆ ئەوەش دەکات، ئەو جۆرە سیمینارانە بەردەوام دەبن و هەموو هەوڵێکیشمان بۆ ئەوەیە، خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتیان بکەین و متمانەی زیاتریش لە نێوان پۆلیس و هاونیشتمانیاندا دروست بکەین.

 

ئومێد بابان