Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پڕۆژەیەکی ستراتیژیی بۆ 53 گوندی دەڤەری بارزان تەواو کرا

ھەولێر-KDP. info-  حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بووژانەوەی ژێرخانی سەرچاوەکانی ئاو و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، پڕۆژەیەکی دیکەى ستراتیجیی ئاوی لە دەڤەری بارزان تەواو کرد.

ئەم پڕۆژە گەورەیە، ئاوی پاکی خواردنەوە بە پێوەرى نێودەوڵەتی، بۆ زیاتر لە 35 هەزار هاووڵاتی لە 53 گوندی ناوچەکە دابین دەکات و ئاسایشی ئاو لە دەڤەرەکەدا دەستەبەر دەکات.

لەپێناو دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە و بەهێزکردنی کەرتی خزمەتگوزاری لە گوندەکاندا، پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی 53 گوندی دەڤەری بارزان لەسەر ڕووباری "ئاڤا شین" بە سەرکەوتوویی تەواو کرا.

ئەم پڕۆژە مژدەبەخشە، بە گوژمەی 138 ملیار و 500 ملیۆن دینار، بە تەواوی لەلایەن دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ کراوە، کە ئەمەش نیشانەی متمانەی حکومەت و توانای بەرزی کەرتی ناوخۆیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکاندا.

ئەم پڕۆژەیە، خاوەنی تایبەتمەندییەکی تەکنیکیی بەرزە و بەم شێوازەی خوارەوە دیزاین و جێبەجێ کراوە:
• توانای بەرهەمهێنان: توانای پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی 1200 مەتر سێجا ئاوی پاکی لە کاتژمێرێکدا هەیە، بە گوێرەی بەرزترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
• تۆڕی گواستنەوە: ئاوەکە لە ڕێگەی تۆڕێکی فراوانی گواستنەوە، بەدرێژایی 540 کیلۆمەتر دەگەیەندرێتە سەرجەم گوندەکان.
• کۆگەکانی ئاو: پڕۆژەکە پێک هاتووە لە 5 کۆگەی گەورە و 54 کۆگەی بچووک، کە ئەرکی وەرگرتن و دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاوەکە بەسەر ماڵاندا ڕێک دەخەن.
ئەم پڕۆژە بنەڕەتییە، دەبێتە هۆی بەخشینی دڵنیایی بە گوندنشینان، بۆ مانەوە لە زێدی بابوباپیرانیان و ڕێگری دەکات لە کۆچکردن بەرەو شارەکان.

هاوکات، زەمینەیەکی لەبار دەڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە زیاتر گرنگی بە سێکتەرە گرنگەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدەن، کە ئەمەش پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ ئابووریی وڵات.

 

فەرمانگەى میدیا و زانیاری


16 تەمووز 2026