Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەنگاوی دەستبەجێ بۆ ڕێکخستنەوەی کارگەکان و پاراستنی ژینگەی پایتەخت دەنرێت

ھەولێر-KDP.info- بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان و تایبەت بە پرسی ژینگە و ڕێکخستنەوەی ئەو کارگە پیشەسازییانەی لە دەرەوەی ناوچە پیشەسازییەکان دروستکراون، لە دیوانی پارێزگادا بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، بەڕێوەبەرانی گشتیی (شارەوانییەکان، کشتوکاڵ، تەندروستی)، سەرۆكایەتیی شارەوانی، و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی (گەشەپێدانی پیشەسازی، ژینگە، نەخشەدانانی ئاوەدانی، دەستەبەری کۆمەڵایەتی، خانووبەرەی میری، کۆمپانیاکان، باج) و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدرا.

تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، بریتی بوون لە ڕێکخستنەوەی کارگەكان و تاوتوێكردنی دۆخی یاسایی ئەو کارگانەی کە لە دەرەوەی ناوچە فەرمییەکانی پیشەسازی دامەزراون و کار دەکەن.

لە درێژەی بابەتەکەدا، جەخت لەسەر زەروورەتی پابەندبوونی تەواوی خاوەن کارگەکان بە ڕێنماییە پیشەسازی و ژینگەییەکان کرایەوە و چەندین بڕیار و ڕێکاری نوێ بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ڕیشەیی ئەم کێشەیە دران.

لە کۆتاییشدا، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەستەی ژینگە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپارد کە بە پشت بەستن بە یاسا و ڕێکارە بەرکارەکان، دەستبەجێ دەست بکەن بە داڕشتنی میکانیزمێکی گونجاو و هاوچەرخ بۆ ڕێکخستنەوەی کار و پێگەی ئەم کارگانە.

ئەم بڕیارەش بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و بە شێوازێک دەبێت کە ژینگەی هەولێری پایتەخت بە تەواوی بپارێزرێت.