Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان یەکەمین کۆنگرەی خۆی لەژێر ناوی (هەژار موکریانی) دەبەستێت

ئەڵمانیا-KDP.info- بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان- دیاسپۆرا، یەکەمین کۆنگرەی خۆی لەژێر ناوی (هەژار موکریانی) و بە درووشمی (بەرەو وێژەیەکی کوردستانیی ڕەسەن و هاوچەرخ) لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا دەبەستێت.

بە ئامادەبوونی شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان-دیاسپۆرا، لە ڕێکەوتی ٢٥ی ٧ی ٢٠٢٦، لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا دەبەستێت.

کۆنگرەکە بە بەشداری ژمارەیەک لە نووسەر، ئەدیب، ڕۆشنبیر و میوانانی کوردی دیاسپۆرا بەڕێوە دەچێت و ئامانجی کۆنگرەکەش بریتییە لە هەڵسەنگاندنی کار و چالاکییەکانی فیدراسیۆنەکە، هاوکات پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان نووسەرانی کورد لە دیاسپۆرا و پشتگیریکردنی زمان، ئەدەب و کەلتووریی کوردی لە دەرەوەی سنوورەکان.

فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان-دیاسپۆرا، نوێنەرایەتیی کورد لە پارچەکانی کوردستان و سۆڤیەتی کۆن لە دەرەوەی کوردستان دەکات، هاوکات فیدراسیۆنەکە لە هەموو دەنگ و ڕەنگێکی جیاواز پێک هاتووە، ئەوەش لەپێناو زەمینەسازییەک بۆ داهێنان و  گەشەپێدانی زمان و ئەدەبی کوردی.

جێی باسە، فیدراسیۆنی نووسەران، سەر بە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییە و هەڵبژاردنی ناوی (هەژار موکریانی) بۆ بەستنی یەکەم کۆنفرانسیان، ڕێزلێنانە بۆ ئەو هەموو خزمەت و بەرهەمە ئەدەبییانەی نووسەر و وەرگێڕە کوردەی، کە کاریگەرییەکی دیاری لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا هەبووە.