Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگار بۆ KDP.info: گۆڕانکارییە ئیدارییەکان لە خزمەتی خەڵکدان و هاووڵاتی لە ئەولەویەتی کارەکانمانە

هەولێر ـ KDP.info ـ پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەو گۆڕانکارییە ئیدارییانەی لە سنووری پارێزگاکە ئەنجام دراون، بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانە بە هاووڵاتیان. جەختیش دەکاتەوە کە پرۆسەی گۆڕانکارییەکان سروشتی و بەردەوام دەبن و هەر کاتێک پێویست بکات، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا ئەنجام دەدرێن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "ئەو گۆڕانکارییانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دران، بۆ چەند هۆکارێکی گرنگ دەگەڕێنەوە، لەوانە هێنانەکایەی قەزای نوێی بەحرکە و ناحیەی کۆڕێ، کە پێویستیان بە دانانی بەرپرسانی یەکەی ئیداریی نوێ هەبوو، لەو چوارچێوەیەشدا قایمقامی بەحرکە و بەڕێوەبەری ناحیەی کۆڕێ دەستبەکاربوون."

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە چەند گۆڕانکارییەکی دیکەش کرد و گوتی، "بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتر پێشکەش بە هاووڵاتیان بکرێت، سەرۆکی هەر شەش شارەوانیی نێو سەنتەری شاری هەولێر گۆڕدراون. هەروەها لە کەرتی پەروەردەشدا گۆڕانکاری کراوە، کە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە پەیوەست بوون بە خانەنشینبوونی بەڕێوەبەرانی پێشووی فەرمانگەکانەوە."

ئومێد خۆشناو ڕوونی کردەوە کە ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە ڕێکارە ئیدارییە ئاساییەکان و گوتی، "گۆڕانکاری لە پۆستەکاندا ڕێکارێکی ئیداریی سروشتییە و پێشتریش کراوە. دڵنیایی دەدەین کە هەر کاتێک پێویست بکات، ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، چونکە ئامانجی سەرەکی و کۆتایی ئێمە لە هەر گۆڕانکارییەک، تەنیا و تەنیا پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشترە بە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر ستراتیژیەتی کارکردنی حکوومەت کردەوە و ڕایگەیاند، "دەستبەکاربوونی کەسانی نوێ و خوێنی نوێ لە پۆستە ئیدارییەکاندا، هاندەرێکی بەهێزە بۆ چالاککردنی دامەزراوەکان و پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر. سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم ڕوونە، هاووڵاتی لە ئەولەویەتی سەرەکیی کارەکاندایە. هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، ئەرکی یەکەم و کۆتایی بریتییە لە خزمەتکردنی خەڵک."

 

قائید میرۆ