Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی لقی ١٨ بۆ KDP.info: چەندین پڕۆژەی نوێ لە سنوورەكەمان دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە

ئامێدی-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنوورەکە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان هەبووە. ئاشکراشی دەکات کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، لە ئایندەیەکی نزیکدا چەندین پڕۆژەی نوێی ستراتیژی لە ناوچەکە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەهرام عەریف یاسین، بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، دەیان پڕۆژەی گرنگ و جۆراوجۆر لە سنووری قەزای ئامێدی ئەنجام دراون، بەشێکیان تەواو بوون و بەشەکەی دیکەش کارکردن تێیاندا بەردەوامە. ئەم پڕۆژانە کە بەشێکیان ستراتیژین، ژێرخانی ناوچەکەیان بە تەواوی بووژاندووەتەوە. بە تایبەت دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەڤەرەکە، گۆڕانکاریی بەرچاو لە ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەدی دەکرێت."

بەرپرسی لقی ١٨ ئاماژەی بە چەند پڕۆژەیەکی دیار و کاریگەر کرد کە ئێستا بوونەتە جێی ڕەزامەندیی خەڵکەکە، لەوانە، (پڕۆژەی نەخۆشخانەی هێتوت، پڕۆژەی ڕێگەی گەلی بالندە و پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ) ئەوەشی خستە ڕوو، كە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا، دوو پڕۆژەی ستراتیژیی دیکە کە ڕاستەوخۆ لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت بڕیاریان لەسەر دراوە، دەچنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە."

سەبارەت بە ڕەوشی ئەو گوندانەی بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە، بەهرام عەریف یاسین ڕوونکردنەوەی دا و گوتی، "بەهۆی کێشە و ئاڵۆزییەکانی سەر سنوور، زیاتر لە ٢٠٠ گوندی ئەم دەڤەرە تا ئێستا ئاوەدان نەکراونەتەوە. بەڵام خۆشبەختانە، بەهۆی جێگیرکردنی خاڵە سنوورییەکان لەمساڵدا، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە زۆر باشتر بووە. ئێمە وەک پارتی و حکوومەت پلانمان هەیە هەر کاتێک بوار هەبێت و ڕەوشەکە لەبار بێت، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بگەیەنینە تەواوی ئەو گوندانەی بەهۆی نائارامییەوە بێبەش بوون."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی جەختی لە پێگەی مێژوویی خەڵکی دەڤەرەکە کردەوە و گوتی، "خەڵکی تێکۆشەری ئەم ناوچەیە لە هەموو شۆڕشەکاندا ڕۆڵی قارەمانانەیان هەبووە و قوربانیی زۆریان بەخشیوە. پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆیانی دەزانن پلانی بەردەوامیان هەبێت بۆ خزمەتکردنی ئەم خەڵکە دڵسۆزە، وەک پێزانینێک بۆ مێژووی پڕ لە خەبات و سەروەرییان."

 

قائید میرۆ