ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی هاوکاری و هەماهەنگی لە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدهگهیەنێت، هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان تەنیا لە پاڵپشتیی دارایی کورت نابنەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتانی پێشەنگ و داڕشتنی پلانی تۆکمەوە، هاوکاریی حکوومەتیان کردووە بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەی گەشەپێدانی پێنج ساڵی داهاتووی هەرێم.
د. کەنار فازڵ، بەڕێوەبەری گشتیی هاوکاری و هەماهەنگیی گەشەپێدان لە وەزارەتی پلاندانان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "تێڕوانینی ئێمە بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی فراوانترە لە بواری دارایی و بودجە، بەڵکوو هاوکارییەکان بواری جۆراوجۆری وەک: داڕشتنی پلان، هەڵسەنگاندنی قازانج و زیانی پڕۆژەکان، ژینگە و چەندین سکتەری گرنگی دیکە دەگرێتەوە. ئێمە توانیومانە ئەم هاوکارییانە بخەینە خزمەت پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەتایبەت لە دیاریکردنی ئامانجە ستراتیژییەکانمان بۆ پێنج ساڵی داهاتوو."
د. کەنار ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی پلاندانان کار لەسەر ڕاکێشانی کارامەیی تایبەتی وڵاتان دەکات و گوتی، "لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی و لایەنە بەخشەرەکان — چ ئەورووپی بن یاخود وڵاتانی وەک ژاپۆن و کۆریا و هەر شوێنێکی دیکەی جیهان — کار دەکەین. سەرنج دەخەینە سەر ئەوەی هەر وڵاتێک لە چ کەرتێکدا پێشەنگ و بەناوبانگە، بۆ ئەوەی لەو بوارەدا سوود لە ئەزموون و پسپۆڕییەکەیان وەربگرین."
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری گشتیی هاوکاری و هەماهەنگی جەختی لەسەر پەیوەندییە بەهێزەکانی وەزارەتەکەیان کردەوە و گوتی، "ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکان و نوێنەری وڵاتان بەردەوام سەردانی وەزارەتی پلاندانان دەکەن. هەماهەنگییەکی تەواو و بەردەوام لە نێوانماندا هەیە، و تەواوی هەوڵەکانی ئێمەش بۆ ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان زۆرترین سوود لەو پڕۆژە و دەرفەتانە وەربگرێت کە لەلایەن دۆستانی دەرەکیمانەوە پێشکەش دەکرێن، کە لە ڕابردوو و ئێستاشدا چەندین پڕۆژەی گرنگی لەو شێوەیە جێبەجێ کراون."
قائید میرۆ