ھەولێر-KDP.info- د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کونسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا کرد کە بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی فەرەنساوە ساز کرابوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕێوڕەسمی کونسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە شاری هەولێر بەبۆنەی یادکردنەوەی ڕۆژی نیشتمانیی فەرەنسا بەڕێوەچوو.
د. ھێمن ھەورامی بە نوێنەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەشداریی لە یادکردنەوەکەدا کرد و بە ناوی جەنابی سەرۆک بارزانییەوە، پیرۆزبایی ئاراستەی یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا کرد.
لەم یادەدا جەخت کرایەوە کە پەیوەندیی مێژوویی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی گرنگ و هەمەلایەنەیە و لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە، لەسەر فەرمانی باوکی ڕۆحیی نەتەوەکەمان بارزانیی نەمر و سەرکردەی مەزنی فەرەنسا، ژەنەڕاڵ شارل دیگۆڵ بناغەی پتەوی بۆ دانراوە.
هاوكات ئەوەش دووپات کرایەوە کە گەلی کوردستان هەمیشە سوپاسگوزاری هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکانی گەل و حکوومەتی فەرەنسایە لە هەمبەر لەئامێزگرتنی هەزاران خێزانی کوردستان لە دوای ئەنفال و کیمیاباران، هەروەها ڕۆڵی سەرەکیی فەرەنسا لە دەرچوواندنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش، و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە تێکشکاندنی داعشدا.
لە میانی بەشداریکردنەکەیدا، نوێنەری سەرۆک بارزانی وێڕای گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی جەنابیان بۆ ئەم یادە، لە ڕێگەی کونسوڵی گشتییەوە سڵاوی تایبەتی سەرۆک بارزانی و پیرۆزبایی گەرمی جەنابیانی بە گەل و حکوومەتی فەرەنسا گەیاند.
