Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی هۆڵەندا، د. هێمن هەورامی ئامادەیی پارتی دووپات کردەوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای پارتی دەکاتەوە بۆ کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمانی کوردستان و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان، و ڕایدەگەیەنێت کە دوای تێپەڕبوونی ٢٠ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا، هیچ بیانوویەکی سیاسی نەماوە و پێویستە سەرجەم لایەنەکان بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی خۆیان هەڵبگرن.

ئەم وتانەی د. هێمن هەورامی لە چوارچێوەی پێشوازی و دیدارێکدا هات لەگەڵ جانێت ئەلبێرتا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و بێرتراند سۆرنێر، جێگری کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان.

د. هێمن هەورامی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، ''پاش ٢٠ مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەڕێوەچوونی دەیان کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، هەروەها ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر بنەمای چەسپاندنی هاوبەشی و سازان، چیتر هیچ بیانوویەکی سیاسی نەماوە بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەکە.

بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، ''وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تەواوی لەگەڵ ئەوەین دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکەنەوە و سەرجەم ئەو لایەنانەی کە ئەندامی پەرلەمانیان هەیە، پێویستە لەبەردەم بەرپرسیارێتیی سیاسی، یاسایی و نیشتمانیی خۆیاندا بن بەرامبەر گەلی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، لەسەر دوایین هاوکێشەکانی ناو هەرێمی کوردستان، وردەکاریی زیاتر و بەرچاوڕوونیی تەواو لەسەر ڕوانگە و هەڵوێستە فەرمییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان خرایە ڕوو.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، د. هێمن هەورامی سوپاس و پێزانینی پارتی ئاراستەی باڵیۆزی هۆڵەندا (جانێت ئەلبێرتا) کرد بۆ ڕۆڵ و دۆستایەتیی بەردەوامی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چ لە ساڵی ٢٠١٦دا کاتێک کونسولی هۆڵەندا بووە لە هەولێر و چ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا وەک باڵیۆزی وڵاتەکەی لە عێراق، کە هەمیشە ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی زیاتری پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا.