Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێمن هەورامی لە لقی ٤: ڕێگرییەکانی بەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕوون دەکاتەوە

سلێمانی-KDP.info- د. ھێمن ھەورامی، بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی، لە سەردانێکیدا بۆ لقی ٤ی سلێمانی، وێڕای تاووتوێکردنی پلانی نوێی ڕێکخستنەکان، پڕۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی دامەزراوە دەستوورییەکانی لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سیاسی بۆ ھەڤاڵانی سلێمانی شیکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٣-٧-٢٠٢٦، لە چوارچێوەی کارو بەرنامەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسی پارتی، د.ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی بەشی ڕێکخستن و یاریدەدەر و ھەڤاڵانی ڕێکخستنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی ـ ھەڵەبجە ـ ڕاپەڕین، سەردانی لقی ٤ی پارتیان لە سلێمانی کرد.

لە دیدارەکەدا کە ھەڤاڵانی بەرپرس و کارگێرانی لقی ٤ و بەرپرس و کارگێری ناوچەکان و بەرپرسی ڕێکخراوەکان ئامادەی بوون، بە وردی دوایین ھەڵسەنگاندن و پلانی کار بۆ برەودان بە چەندایەتی و چۆنایەتی ڕێکخستنەکان بە داتا و شیکاری پێویست خرایەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی سوپاس و پێزانینێکی زۆری بۆ ڕۆڵی لە خۆبووردوانە و دڵسۆزی کادر و ھەڤاڵانی سنووری لقی ٤ ھەبوو کە سەرەڕای گوشار و سەختییە جیاجیاکان، بەڵام لە خۆبوردوانە لە کارو خەباتی ڕێکخستن و پارتایەتی بەردەوام بوون و لە دوایین دوو ھەڵبژاردندا توانیویانە پێشکەوتنی بەرچاو بەدەست بھێنن.

دواتر ھەورامی لەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسیەکانی ئەم قۆناغە و ئامادەیی پارتی بۆ کاراکردنی پەرلەمان و پێکھێنانەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان بەر مەبنای بەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و ڕێککەوتنی سیاسی واژۆکراو لەگەڵ یەکێتی و ئەو ڕێگری و خۆدزینەوەی ھەندێ لە لایەنەکان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان، شیکاری و بەرچاو ڕوونی پێویستی بۆ ھەڤاڵان خستە ڕوو.