Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی گۆپتەپە.چەمچەماڵ بەردەوامە

ھەولێر-KDP. info-  لە چوارچێوەی پڕۆژە ستراتیجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاوی پاک و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، کارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ بەشێوەیەکی بەردەوام بەڕێوە دەچن.

پڕۆژەکە کە بە توانای 3400 مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا دیزاین کراوە، تاوەکوو ئێستا 40%ی پێشکەوتنی فیزیکیی بەدەست هێناوە و بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە گوژمەی 139,510 (سەد و سی و نۆ ملیار و پێنجسەد و دە ملیۆن) دینار جێبەجێ دەکرێت.

پڕۆژەکە ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ شاری چەمچەماڵ و تەکیە و ئاغجەلەر و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات.
بڕیارە لە ڕێکەوتی 13/06/2027، کارەکانی پڕۆژەکە بەتەواوی کۆتایی پێ بێت و ئاو بگاتە ماڵانی ناوچەکە.

لە ئێستادا کارکردن لە بەشە جیاوازەکانی پڕۆژەکەدا بەردەوامە؛ لەوانە ڕاکێشانی نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە بۆریی سەرەکیی گواستنەوەی ئاو، کارەکانی هێڵی کارەبا و تاوەرەکان و دروستکردنی یەکەکانی پاککردنەوە و پاڵاوتنی ئاو لەگەڵ وێستگەکانی پەمپکردن.

هاوکات کار لەسەر کۆنکریتکردن و قۆناغەکانی کۆتایی حەوزە گەورەکانی کۆکردنەوەی ئاو بە توانای 10,000 و 20,000 مەتر سێجا دەکرێت.

بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، کێشەی کەمیی ئاو لە قەزای چەمچەماڵ و تەواوی شارۆچکە و شارەدێ و گوندەکانی دەوروبەری کۆتایی دێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

13 تەمووز 2026