Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. نورجیهان بۆ KDP.info: لە نوژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ڕزگاری ئامانجمان خزمەتکردنی زیاتری چاره‌خوازانە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری ڕایگەیاند کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەیەکی گشتگیری چاکسازی و نوێکردنەوە لە نەخۆشخانەکەدا دەستی پێکردووە. ئامانجی ئەم پرۆژەیە گۆڕینی نەخۆشخانەکەیە بۆ ناوەندێکی سەردەمیانە کە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەپێی ستانداردی جیهانی و هاوشێوەی کەرتی تایبەت پێشکەش بە هاووڵاتیان بکرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت تەواوی پرۆسەکە لە ماوەی دوو ساڵدا کۆتایی پێبێت.

د. نورجیهان عەلی شەعبان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی نوژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکە لە ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە و لە ئێستادا بە چەندین قۆناغی جیاواز بەردەوامی هەیە. گرنگترین خاڵەکانی ئەم چاکسازییە بریتین لە، سیستەمی ئەلیکترۆنی کارمەندان، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەکە زیاتر لە 3,000 کارمەندی هەیە (لەنێوان هەمیشەیی، گرێبەست و خۆبەخش)، سیستەمێکی ئەلیکترۆنی نوێ بۆ ڕێکخستنی کارەکانیان دادەنرێت. ئەم هەنگاوە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی قەرەباڵغی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە نەخۆش و سیستەمی کاغەز و ڕەچەتە بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە. داواکاری تیشک لەلایەن پزیشکەوە بە شێوازی دیجیتاڵی دەنێردرێت بۆ بەشی پەیوەندیدار و ئەنجامەکەش بە هەمان ڕێگە دەگەڕێتەوە بۆ لای پزیشکەکە.

لەبارەی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکەشەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری گوتیشی، "گۆڕینی سیستەمی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوە (چیلەرەکان)، چاککردنی بەرزکەرەوەکان (مەسعەد) و دروستکردنی شوێنی دانیشتنی پزیشکان بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دەبێت، جگە لە هێز و بودجەی حکوومەتیش، خەڵکی خێرخواز و وەبەرهێنەران هاتوونەتە سەر هێڵ، کە لە ئێستادا نهۆمەکانی چوارەم و پێنجەمی نەخۆشخانەکە بە تەواوەتی لەلایەن وەبەرهێنەرێکەوە نۆژەن دەکرێنەوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری جەختی کردەوە کە گۆڕانکارییەکان لە ئێستاوە ڕوویان داوە و هاووڵاتیان هەستی پێدەکەن. هەروەها ئاماژەی بە پاڵپشتی بەردەوامی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت، مەسروور بارزانی کرد بۆ سەرخستنی پرۆژەکە، کە ئامانجی کۆتایی لێی تەنها خزمەتکردنی زیاتری چاره‌خوازانە بە باشترین شێوە.

 

قائید میرۆ