Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جوان ڕۆژبەیانی بۆ KDP.info: ئەرک و بەرپرسیارەتیم لە سنووری هەولێر دەستپێدەکات

ھەولێر-KDP.info- جوان یونس ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە فەرمی لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر وەک یاریدەدەری نوێی مەکتەب دەستبەکاربوو، لە لێدوانێکیشیدا گوتی، ئەرک و بەرپرسیارەتیم  لە سنووری هەولێر دەستپێدەکات. 

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢-٧-٢٠٢٦، لە ڕێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی دکتۆر پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، و بە ئامادەبوونی یاریدەدەران و بەرپرسی بەشەکانی مەکتەب، پێشوازییەکی گەرم لە هەڤاڵ (جوان یونس ڕۆژبەیانی) کرا.

​لەو دیدارەدا، بە فەرمی دەستبەکاربوونی هەڤاڵ (جوان یونس ڕۆژبەیانی) وەک یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندرا. ئامادەبووان وێڕای پیرۆزبایی، هیوای سەرکەوتنیان لەم ئەرکە نوێیەدا بۆ خواست، و هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەردەوامی و زیاتر چالاککردنی ئەرک و کارەکانی مەکتەبی ڕێکخستن لە سنوورەکەدا.

​لەم بارەیەوە، جوان یونس ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ بە فەرمی وەک یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر دەستبەکاربووین، و ئەرک و بەرپرسیارەتیی خۆمان لە سنووری هەولێری خۆشەویست دەستپێدەکەین."

​هاوکات ڕۆژبەیانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر، هەردوو یاریدەدەری بەڕێز، بەرپرسی بەشەکان و تەواوی هەڤاڵانی مەکتەبەک کرد بۆ پێشوازی و متمانەیان.