Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەورامی: گەشەسەندنێکی بەرچاو لە کاری ئۆرگانەکانمان لە سنووری لقی ۱۱ دیارە

ڕانیە-KDP.info- د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی لقی ۱۱ی لە ڕانیە ڕایگەیاند کە ڕێکخستن و جەماوەری پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین لە گەشەسەندنی بەردەوامدان.

 لە چوارچێوەی کار و بەرنامەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسی، د.ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی بەشی ڕێکخستن و یاریدەدەر و ھەڤاڵانی ڕێکخستنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی ـ ھەڵەبجە ـ ڕاپەڕین، سەردانی لقی ۱۱ی پارتیان لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین کرد.

لە دیدارێکدا کە ھەڤاڵانی بەرپرس و کارگێڕانی لقی ۱۱ و بەرپرس و کارگێڕی ناوچەکان و ڕێکخراوەکان ئامادەی بوون، بە وردی دوایین ھەڵسەنگاندن و پلانی کار بۆ برەودان بە چەندایەتی و چۆنایەتی ڕێکخستنەکان بە داتا و شیکاری پێویست خرایەڕوو.

ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی ڕایگەیاند: "لە سنووری لقی ۱۱ی پارتیمان لە دەڤەری ڕاپەڕین، ڕێکخستن و جەماوەری پارتی لە گەشەندنی بەردەوامدان. سوپاس و پێزانینێکی زۆرمان بۆ ڕۆڵی لەخۆبووردوانە و دڵسۆزی کادر و ھەڤاڵانی دەڤەری ڕاپەڕین ھەبوو کە وێڕای ڕێگری و گوشارە جۆراوجۆرەکانی حزبی دەسەڵاتداری ئەو سنوورە، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ھەڵبژاردن لە دوای ھەڵبژاردن گەشەسەندنێکی بەرچاو بە کاری ئۆرگانەکانمان لەو دەڤەرە دیارە."

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، لەسەر دوایین دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان، ھێمن ھەورامی بەرچاوڕوونی پێویستی بۆ ھەڤاڵان خستەڕوو. دواتر ژمارەیەک لە ھەڤاڵان بە پرسیار و سەرنج و پێشنیارەکانیان، دیدار و کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و بەرچاوڕوونی و وەڵامی پێویست درانەوە.