Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پەروەردە بۆ KDP.info: دەرگای تانەگرتن دەکەینەوە و (١١ / ٨)یش تاقیکردنەوەکان دەست پێدەکەن

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەمرۆوە دەرگای پێشکەشکردنی تانە (پەڵپ) لە ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکان بۆ ئەو قوتابییانەی تێبینییان لەسەر نمرەکانیان هەیە کراوەتەوە. پڕۆسەکە لە ڕێگەی قوتابخانەکانەوە ئەنجام دەدرێت و وەزارەت بە وردی پێداچوونەوە بۆ سەرجەم داواکارییەکان دەکات بۆ گەڕانەوەی مافی قوتاببیان. هاوکات وادەی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمیشی ئاشکرا کرد.

دکتۆر سەیوان عەلی فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر پڕۆسەی تانەگرتن و ئامادەکارییەکانی خولی دووەم بەم شێوەیە، قوتابییان دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بە قوتابخانەکانی خۆیان بکەن، پاشان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزاکانەوە ڕەوانەی وەزارەت دەکرێت بۆ پێداچوونەوە و ماوەی فەرمی بۆ تانەگرتن سێ ڕۆژە، بەڵام بۆ بەرژەوەندی قوتابییان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دەرگا کراوە دەبێت. بریکاری وەزارەت ڕێنمایی قوتابییان دەکات کە لە سێ ڕۆژی یەکەمدا داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن تا وەزارەت کاتی پێویستی لەبەردەستدا بێت بۆ دەرهێنانی پەڕەی سۆما و لێکۆڵینەوە و جەختیش کراوەتەوە کە پڕۆسەکە تەواو ڕوون و ئاشکرایە و سەرجەم قوتابییان دەتوانن سەیری پەڕەی سۆمای خۆیان بکەن، لە هەر شوێنێکیش هەڵەیەک هەبێت، ماف بۆ قوتابی دەگەڕێنرێتەوە.

پەیوەست بە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمیش بریکاری وەزارەتی پەروەردە گوتی، "لە هەفتەی داهاتوودا خشتەی فەرمی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم لەلایەن وەزارەتەوە ڕادەگەیەنرێت و تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم لە ڕێککەوتی (١١ / ٨) دەست پێدەکەن و سەرجەم ئامادەکارییە کارگێڕی و لۆجستییەکان بۆ ئەو مەبەستە کراون.

 

بڵند ئیبراهیم