Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەركان بیبانی بۆ KDP.info: ژمارەیەكی زۆری بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیركراون

​هەولێر - KDP.info - گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، دوای داڕشتنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، ژمارەیەكی زۆری بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیركراون.

​ئەركان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو ئامارانەی بەردەستن، بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر كەمی كردووە، بەڵام مەترسیی مادەی هۆشبەر بەردەوامە. کاتێک دەڵێین دابەزیوە، مەبەستمان ئەوەیە لەدوای داڕشتنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، ساڵانە بەپێی ئاماری دەستگیركراوان، ژمارەی بازرگانانی مادەی هۆشبەر زیاترە لەوانەی ئالوودەبوون. بەداخەوە مادەی هۆشبەر تاوانێكی شاراوەیە و بەو هۆیەوە هەرچەند دەستگیریان دەكەین، زۆر لەو رێژەیەش زیاتر لە دەرەوەی زیندانەكان هەن."
​گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان گوتیشی: "ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە ساڵی 2022 ستراتیژێكمان داڕشت بۆ ئەوەی مادەی هۆشبەر بنبڕ بكرێت. پلانەكە سەركەوتوو بوو لەوەی توانیومانە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنی و پەیوەندیدارەكانی دیكە، هەوڵەكانمان زیاتر چڕ بكەینەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو مادەیە و ژمارەیەكی زۆری ئەو كەسانە دەستگیر بكەین كە كڕین و فرۆشتن بە مادەی هۆشبەرەوە دەكەن، هەروەها رێگری بكەین لەوەی هەرێمی كوردستان ببێتە ناوەندێك بۆ ترانزێت و بەكارهێنانی بۆ تێپەڕاندنی مادەی هۆشبەر."

​ئەركان بیبانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەدوای كارپێكردنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، هەوڵەكان زیاتر چڕ كراونەتەوە؛ بۆ نموونە بەڵێننامە لە هەزار و 500 دەرمانخانە وەرگیراوە بۆ ئەوەی ئەو دەرمانانەی هەستیارن، بەبێ پسوولەی پزیشك بە هیچ كەسێك نەدرێت. هەروەها پشكنین بۆ هەموو ئەو قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگایانە كراوە كە گومانیان لەسەر بووە و خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێك لەناو قوتابخانەكان تۆمار نەكراوە، بەڵام لە دەرەوە هەبووە. بەردەوام پشكنین بۆ ڕێستۆرانت و كافێکان دەكرێت و بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە كە بە هیچ شێوەیەك نابێت ئەو مادەیە لەو شوێنانە بەكار بێت."
​قائید میرۆ