هه‌ولێر-KDP.info- وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، ئه‌نجامی رێژه‌ی سه‌ركه‌وتن له تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی ١٢ی ئاماده‌یی له ئێستادا دیار نابێت و دوای تاقیكردنه‌وه‌كانی خولی دووه‌م له مانگی داهاتوودا دیار ده‌بێت، به‌ڵام پرۆسه‌كه به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی بۆی دانرابوو، سه‌ركه‌وتوو بوو.
دكتۆر ئاڵان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئاماده‌یی خولی دووه‌میان له‌به‌رده‌مدایه و ده‌توانن له مانگی هه‌شتدا ئه‌نجامی بده‌ن، ئه‌وكات رێژه‌ی سه‌ركه‌وتن له خولی دووه‌م ده‌رده‌كه‌وێت و له خولی یه‌كه‌مدا ده‌رناكه‌وێت، چونكه به‌شێك له قوتابیان له خولی یه‌كه‌م چه‌ند مادەیه‌ك ده‌هێڵنه‌وه و ناچنه تاقیكردنه‌وه و هه‌شیانه وه‌ڵام ناداته‌وه بۆ خولی دووه‌م".
گوتیشی: "ئه‌و پلانه‌ی بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان دانرابوو به هه‌موو پێوه‌رێك سه‌ركه‌وتوو بوو، پرۆسه‌یه‌كی شه‌فاف و عادیلانه بوو؛ قوتابی ده‌توانێ په‌ڕه‌ی سۆما (پەڕەی وەڵامدانەوە)ی خۆی ببینێته‌وه به په‌نجه‌مۆر و واژووی خۆی له هه‌موو ئه‌و مادانه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجام داوه".
وه‌زیری په‌روه‌رده ڕوونی كرده‌وه: "پیرۆزبایی له سه‌رجه‌م قوتابیانی ده‌رچوو ده‌كه‌م، ئه‌وانه‌ی چه‌ند مادەیه‌كیان ماوه و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، خولی دووه‌م له‌به‌رده‌میان ماوه. ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ قوتابیان ئه‌وه‌یه ئه‌مه دواجار ده‌رفه‌ت نییه؛ هه‌میشه پرۆسه‌ی په‌روه‌رده له خزمه‌تی قوتابیاندا بووه و ئه‌وان سه‌نته‌ری پرۆسه‌كه بوون".
بڵند ئیبراهیم