Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵەبجەییەکان بۆ KDP.info: کابینەی نۆیەم پایتەختی ئاشتیی بووژاندەوە

هەڵەبجە-KDP.info- پارێزگای هەڵەبجە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک ئەولەویەتێکی ستراتیژی و خەمێکی نیشتمانیی ڕێزدار مەسروور بارزانی ڕەنگی داوەتەوە. هاووڵاتییان و یاساییەکانی شارەکە لە ڕاپۆرتێکی تایبەتی KDP.infoـدا، تیشک دەخەنە سەر گرنگترین دەستکەوتەکانی ناوچەکەیان لە کەرتەکانی ژێرخان، ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی هەلی کار، ئەوان دووپاتی دەکەنەوە کە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەی وەک سایلۆ، پردی تووەقووت و کارەبای ٢٤ کاتژمێری، سیمایەکی نوێی پێشکەوتنی بەخشیوەتە شارەکەیان.

لەو بارەیەوە بەناز عوسمان، خاتوونێکی نیشتەجێی هەڵەبجەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''کابینەی نۆیەمی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، هەنگاوی گەورەی بووژانەوەی بۆ هەڵەبجە ناوە. پڕۆژەکان سێکتەرە جیاوازەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، ڕێگەوبان، جوانکردنی شار، کارەبای ٢٤ کاتژمێری و دامەزراندنی هەزاران گەنجی گرتووەتەوە، من یەکێک بووم لەو کەسانەی سوودمەند بووم لەم دامەزراندنە و ئێستا لە دیوانی پارێزگادا خزمەت دەکەم.

تەئکیدی لەسەر بوێریی سەرۆکی حکوومەت کردەوە و گوتی، ''ئێمە دەزانین قەیرانی توندی دارایی هەیە، بەڵام سەرۆکوەزیرانێکی بەهێز و بەکردارمان هەیە کە خۆی دوو جار هاتووەتە شارەکەمان بە ئامانجی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە. سەرۆکوەزیران لە خەمخۆریی خۆی بۆ هەڵەبجە بڕیاری داوە ٢٠٪ـی داهاتی مەرزەکان بۆ ناوخۆی هەڵەبجە سەرف بکرێتەوە.

ئەرکان محەمەد مەجید، کە پارێزەرێکی شارەکەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''هەڵەبجە لە پێشینەی بەرنامەی بووژانەوەی کابینەی نۆدابووە. سەرۆکی حکوومەت خۆی بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێگە و پردی تووەقووت و سایلۆی هەڵەبجەی دانا، هاوكات بەستنی تابلۆی ئۆتۆمبێلی هەڵەبجەش دەستی پێکرد، ئەمانە سێ پڕۆژەی یەکجار گرنگ بوون بۆ پارێزگاکەمان، کە لە پاڵ پڕۆژەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا، هەڵەبجەیان چەندین هەنگاو بەرەو پێشەوە برد.

ئەو یاساییە زایاتر گوتی، ''ئێستا کاتێک بە شەقام و کۆڵانەکانی هەڵەبجەدا دەگەڕێیت، سیمایەکی نوێ لە ئاوەدانکردنەوە، شۆستە و قیڕکاری دەبینیت. وەک خەڵکی ئەم سنوورە، سایلۆی هەڵەبجە بە گەورەترین پڕۆژە دەزانین چونکە ئاسایشی خۆراکمان بۆ دابین دەکات و خزمەتێکی گەورەیە بۆ جووتیاران کە وای کردووە بەرهەمی دانەوێڵە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

ئومێدی خەڵکیشی بۆ داهاتوو خستە ڕوو و گوتی، ''سەرۆک بارزانی هێندە هەڵەبجەی لا گرنگ بوو، فەرمانی بە سەرۆکوەزیران کرد کە بە یەک پاکێج کارەبای ٢٤ کاتژمێریی بۆ دابین بکرێت. ئێمە چاومان لەوەیە لە کابینەی داهاتوودا بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، ئەو پڕۆژانەی بەهۆی قەیرانەکانەوە کاریان تێدا وەستاوە بە تەواوی کۆتاییان بێت.

پورە حەمدی بەکر، خاتوونێکی بەتەمەنی پارێزگای هەڵەبجەیە، سەبارەت بە کارەکانی حەوت ساڵی ڕابردوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''هەڵەبجە و ناحیەکانی لە سایەی کابینەی نۆدا پڕۆژەی ستراتیژییان بۆ کراوە. لە ساڵانی تەمەنی خۆمدا، تەنیا لەم چەند ساڵەی دواییدا بینیومە کە هەڵەبجە بەم شێوەیە گەشە بکات، لە هەموو سێکتەرەکانی وەک کارەبا، ئاو، تەندروستی، کشتوکاڵ و ڕێگەوباندا ڕەنگدانەوەی هەبووە.

لە کۆتاییدا پەیامێکی ئاراستەی ئیدارەی ناوچەکە کرد و گوتی، ''پێویستە بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاکەمان بەوردى و جدی کار لەسەر پڕۆژەکان بکەن و پەلە بکرێت لە تەواوکردنیان، بۆ ئەوەی بخرێنە خزمەت خەڵکەوە.

 

عەزیز ڕەسووڵ