Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ساڵیادی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا

عارف ڕوشدی

حەوت ساڵ بەر لە ئێستا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار (مەسروور بارزانی)، دوای ئەوەی پێکهاتەی حکوومەت و کارنامەکەی لە پەرلەمانی کوردستان پەسند کرا، دەستبەکار بوو. لەو کاتەدا سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند کە خۆی و حکوومەتەکەی پابەند و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر گەلی کوردستان، بەوەی بە هەموو توانایەکەوە و بەرپرسانە کار دەکەن لە پێناوی جێبەجێکردنی سەرجەم بابەتەکانی کارنامەی ڕاگەیەندراوی کابینەکەی.

لە ڕاستیدا، سەرەڕای ئاڵنگاری و ڕێگرییەکان، سەرۆکی حکوومەت دوای دابەشکردنی ئەرکەکانی هەر وەزارەتێک وەک لە کارنامەکەدا هاتووە، ڕاستگۆیانە و ماندوونه‌ناسانە، سەرکردایەتیی پرۆسەی حوکمڕانییەکی پاک و بێگەردانەی کرد. پێش هەموو شتێک، وەک لە چوارچێوەی کارنامەکەدا جەختی لێ کرابووەوە، بە پلان ڕێگریی کرد لە تەشەنەکردنی دیاردەی قێزەونی گەندەڵی بە هەموو شێوازەکانییەوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە باش دەیزانی و چەندین جاریش ئاماژەی پێ دەکرد، لە ئەنجامی ئەو ئەرکەیدا دڵنیایە ڕووبەڕووی تەنگژە دەبێتەوە لە لایەن ئەو کەس و لایەنانەی بەرژەوەندییەکانیان تێکدەچێت.

هەر بۆیە، لایەنە زیانپێکەوتووەکان دەستەوەستان نەوەستان و بە هەموو شێوەیەک دەستیان کرد بە داڕشتنی پلان و پیلان، بە مەبەستی گرفت دروستکردن و ڕاگرتنی تەوژمی کارکردنی وڵاتپارێزانەی سەرۆکی حکوومەت و کابینەکەی.

پلان و پیلانەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق داڕێژران، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ڕێگرییان کرد لە جێبەجێکردنی یاسا، فەرمان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت لە هەندێک ناوچەدا وەکوو پێویست. لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدراڵیشدا، دەستبار نەبوون لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە دروستکراوەکانی دژی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان، بەڵکوو سەرەڕای نادادپەروەری و ستەمکاریی دامودەزگاکانی بەغدا، هەمیشە لایەنگیریی ئەوانیان دەکرد یان بێدەنگییان هەڵدەبژارد.

بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار مەسروور بارزانی، بە پشتیوانیی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەروەها پاڵپشتی و ئامۆژگاریی ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی و هەماهەنگیی هێژا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، توانی بەسەر زۆربەی ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بێت و بە خۆڕاگرییەوە پەرە بە کاروانی ئاوەدانی و پاراستنی خواست و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بدات.