دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک ڕایدەگەیەنێت کە سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی ژمارەیەکی نوێی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکەدا کۆتایی هاتووە و پرۆسەکە لە هەفتەیەدا دەست پێ دەکات، بەمەش کۆی ئەو زەوییانەی تا ئێستا لە سنووری پارێزگاکەدا دابەش کراون دەگاتە زانیاتر لە ٢٠ هەزار پارچە زەوی.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوامە و لەم قۆناغە نوێیەدا ٢,٥٠٠ پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی (ڕۆڤیا، دارەتوو، و کەلەکچی) ئامادەکراون، کە چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیدا دەست بە دابەشکردنیان بکرێت."
سەبارەت بە شێوازی دیاریکردنی سوودمەندان، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان ڕوونی کردەوە، "دابەشکردنی زەوییەکان بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت، بە جۆرێک هەر فەرمانبەرێک زۆرترین خاڵی هەبێت، لە قۆناغی یەکەمدا ناوی دەچێتە پێشەوە بۆ وەرگرتنی زەوی."
دیار بەحری لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا ١٨ هەزار پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک دابەش کراون، و جەختی کردەوە لە هەر شارەوانییەک کێشەی زەوی و نەخشە چارەسەر ببێت و ئامادەکارییەکان تەواو بن، دەستبەجێ قۆناغی دابەشکردنی تێدا ڕادەگەیەنرێت.
بڵند ئیبراهیم